پرسەی سەرتاسەری لە هەرێم؛ هەندێك لەسەر تەرم و هەندێك بەبێ‌ تەرم شیوەن دەگێڕن

26-12-2021 04:30

پەرەگراف

تەرمی 16 كۆچبەری هەرێم كە لە ئاوەكانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنكان، گەڕێندرانەوە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران. لە هەندێك شوێنیش پرسە بۆ ئەو كۆچبەرانە دانراوە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەلەمەكانیان ژێرئاو كەوتن و بێسەروشوێن بوون.

شەوی ڕابردوو تەرمی ئەو 16 كۆچبەرەی كە 24-11-2021 بەلەمە چووپییەكەیان لە كەناڵی ئینگلیزی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاو كەوت، لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی كوردستان و ڕەوانەی زێدی خۆیان كرانەوە.

زۆرینەی كۆچبەرەكان دانیشتووی دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕین بوون، ئەمڕۆ حەوت تەرم بۆ ئەو دەڤەرە گەڕانەوە. چوار تەرمیش كە دایك و سێ‌ منداڵ بوون، دانیشتووی دەربەندیخان بوون. ئەوانی دیكەیش دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێر و كۆچبەرێكیش خەڵكی قەزای زاخۆ بوو.

لەو بەلەمەدا كە زیاتر لە 30 كۆچبەر هەبوو، دوو كۆچبەر ڕزگار كران و 27ی دیكە تەرمەكانیان دۆزرانەوە كە حەڤدەیان كوردبوون و كۆچبەرێكیان دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، تا ئێستایش تەرمی ژمارەیەك كۆچبەر بێسەروشوێنن.

دوای ئەو ڕووداوە، سێ‌ بەلەمی دیكەی كۆچبەران ژێرئاو كەوتوون و دەیان قوربانیی لێ‌ كەوتووەتەوە. دیارترینیان ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك بوو لە 23ی ئەم مانگە كە 60 بۆ 70 كۆچبەری تێدا بووە و زۆرینەیان كوردن، بەشێكی زۆریان بێسەروشوێنن، بەڵام كەسوكارەكانیان پرسەیان بۆ داناون.

جێگر ئەبووبەكر و هانا ڕەسووڵ، دانیشتووی ناحیەی سەنگەسەر بوون، شەوی ٢١ی ئەم مانگە بەلەمەكەیان لە نزیك دوورگەی فۆلسگاندرۆسی یۆنان ژێرئاو كەوت، لەگەڵ دەیان كۆچبەری دیكە تا ئێستا بێسەروشوێنن.

جێگر ئەو كۆچبەرەیە كە بەر لە ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەیان دوایین پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەرییەوە دەكات و دەڵێت " توخوا وەرن بەهانامانەوە سێ سانتیم ماوە بەخوا دەخنكێین، یەختەكەمان پڕ بووە لە ئاو لەسەر یەختەكەین، كەسمان لێ دیار نییە، توخوا وەرن با جەرگی دایكم نەسووتێت، 60 بۆ 70 كەسین، 30 خێزانی كوردین ‌و منداڵی بچوكمان پێیە، توخوا هەلیكۆپتەرێك بنێرن. وەڵڵا نوقم بووین".

مەجید ڕانیەیی، خاڵی جێگر، لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی نووسیویەتی "دوای تێكشكانی یەختەكەیان لە دەریای ئیجە و چوار ڕۆژ چاوەڕوانی، بەداخەوە هەواڵی خنكانی كاك جێگر و هانای خێزانی و كۆرپەی لەدایكنەبوومان پێگەیشت".

خاڵی جێگر دەڵێت "ئەوەی ئەوانی خنكاند، دەریا نەبوو، بێ ئومێدی بوو. ئەوەی ئەوانی بزر كرد، مردن نەبوو، بەڵكوو هیوا و ژیانێكی شەڕەفمەندانە بوو".

لە قەزای سەیدسادقیش پرسە بۆ دایكێك و دوو منداڵەكەی دانرا كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەلەمەكەیان ژێرئاو كەوتووە.

شەوی پێنجشەممە 23ی ئەم مانگەیش، دایكێك و كچ و كچەزایەكی كورد كە دانیشتووی كەركووكن، بەهۆی ژێرئاوكەوتنی كەشتییەكەیانەوە گیانیان لەدەست دا. هەر لەو خێزانە، سێ‌ كەسیان ڕزگاریان بووە.

ئەو كەشتییە كە 105 كۆچبەری هەڵگرتبوو، 90 كۆچبەریان ڕزگار كران و 11 تەرمیش دۆزراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەك كۆچبەر بێسەروشوێنن.

لە ماوەی یەك مانگدا 24-11-2021 تا 24-12-2021، چوار بەلەمی كۆچبەران ژێرئاو كەوتوون. پەرەگراف پشتبەست بە زانیارییەكانی كە لە كەسوكاری كۆچبەران و چالاك و ڕێكخراوەكانی پەیوەست بە كاروباری پەنابەرانەوە كۆی كردوونەتەوە و دەستی كەوتووە، ژمارەی كۆچبەرانی ناو ئەو چوار بەلە و قوربانییەكانی بڵاو دەكاتەوە.

* چوار تراژیدیای كۆچبەران لە یەك مانگدا؛ پەرەگراف ئاماری قوربانییان و ڕزگاركراوان بڵاو دەكاتەوە

بەپێی بەدواداچوونەكانی پەرەگراف، لەو چوار بەلەمە ژێرئاو كەوتووەدا بە نزیكەیی 286 كۆچبەر هەبوون، 55 تەرمی كۆچبەران دۆزراونەتەوە، 167 كۆچبەر ڕزگار كراون، بە نزیكەیی 64 كۆچبەر بێسەروشوێنن.