چوار تراژیدیای كۆچبەران لە یەك مانگدا؛ پەرەگراف ئاماری قوربانییان و ڕزگاركراوان بڵاو دەكاتەوە

25-12-2021 05:04

پەرەگراف

بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لە كەناراوەكانی یۆنان ژێرئاو كەوت و ژمارەیەك كۆچبەر خنكان. لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ئەمە سێیەم و لە ماوەی مانگێكیشدا چوارەم بەلەمی كۆچبەرانە كە ژێرئاو دەكەوێت و زۆرینەی قوربانییەكان كوردن.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، دەڵێت "دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 24/12/2021 بەلەمێكی كۆچبەران لە نزیك دوورگەی (پـــارۆس) تێك شكاوە. ٦٣ كۆچبەر ڕزگار كراون و تەرمی ١٦ كۆچبەر دیكەش لەم ڕووداوەدا دۆزراوەتەوە".

كۆچبەرانی ڕزگاربووی ڕووداوەكە وتوویانە "زیاتر لە پێنج كۆچبەر بیسەروشوێنن". ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردن و گەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا لەلایەن تیمەكانی یۆنانەوە بەردەوامە.

لە ماوەی یەك مانگدا 24-11-2021 تا 24-12-2021، چوار بەلەمی كۆچبەران ژێرئاو كەوتوون. پەرەگراف پشتبەست بە زانیارییەكانی كە لە كەسوكاری كۆچبەران و چالاك و ڕێكخراوەكانی پەیوەست بە كاروباری پەنابەرانەوە كۆی كردوونەتەوە و دەستی كەوتووە، ژمارەی كۆچبەرانی ناو ئەو چوار بەلە و قوربانییەكانی بڵاو دەكاتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی پەرەگراف، لەو چوار بەلەمە ژێرئاو كەوتووەدا بە نزیكەیی 286 كۆچبەر هەبوون، 55 تەرمی كۆچبەران دۆزراونەتەوە، 167 كۆچبەر ڕزگار كراون، بە نزیكەیی 64 كۆچبەر بێسەروشوێنن.

بەپێی زانیارییەكانی زۆرینەی ڕێكخراوەكان و سەرچاوە میدیاییەكان، لە بەلەمی یەكەمدا كە 24-11-2021 ژێرئاو كەوتووە، زیاتر لە 30 كۆچبەر هەبوون.

توانا محەمەد، گەنجێكی ١٨ ساڵی دانیشتووی ناحیەی حاجیاوای هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لە كۆچبەرانی بێسەروشوێنبووی بەلەمە چووپییەكەی كەناڵی ئینگلیز. زانا محەمەد، برای توانا، بۆ پەرەگراف دەڵێت "توانا وتی: ژمارەمان ٣٣ كەس دەبێت".

لەو ڕووداوەی كەناڵی ئینگلیزدا دوو كۆچبەر ڕزگار كراون و 27 تەرم دۆزراونەتەوە، ژمارەیەكیش تا ئێستا بێسەروشوێنن كە دوو كۆچبەریان كوردن.

* تراژیدیای نۆكەندی ئینگلیز؛ خوێناویترین چیرۆكی كۆچبەران

بەلەمی دووەمیش كە 21-12-2021 لە نزیك دورگەی سیرای یۆنان ژێرئاو كەوت. بەپێی قسەی یەكێك لە كۆچبەرە كە بەر لە ڕووداوەكە داوای هاوكاریی كرد، 60 بۆ 70 كۆچبەری تێدا بووە.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەرییش كە هاوكارێكی دیاری كۆچبەرانە لە یۆنان، ژمارەی سەرنشینەكانی بەلەمەكە 63 كەس بووە، كە 36یان كۆچبەری كورد و 36یان كۆچبەری میسری و دوانەكەی دیكە كاپیتانی بەلەمەكە بوون.

بەڵام فەرمان عەلی، برای فریاد كە لە سەرنشینە ڕزگاربووەكانی بەلەمەكەیە، بە پەرەگرافی وت "ئەوكاتەی كە سەركەوتن، قاچاخچییەكە بە منی وت: 53 كوردن، جگە لە عەرەب".

بەپێی زۆرینەی سەرچاوەكان ژمارەی كۆچبەرەكانی بەلەمە ژێرئاوكەوتووەكەی دورگەی سیرای یۆنان زیاتر لە 60 كۆچبەر بووە. پەرەگراف لەم ڕاپۆرتەدا ئەو ژمارەیەی ڕەنج پشدەریی بە نزیكەیی وەرگرتووە كە دەڵێت "63 كۆچبەر بوون".

لەو ژمارەیە تەنیا 12 كەس ڕزگار كراون كە حەوتیان كوردن، یەك تەرمیش دۆزراوەتەوە، دەیان كۆچبەری دیكە كە زۆرینەیان كوردن، تا ئێستا بێسەروشوێنن.

* تراژیدیایەكی دیكەی كۆچبەرانی كورد لە ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا؛ چارەنووسی دەیان كۆچبەر نادیارە

تەنیا دوو ڕۆژ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕی، زیاتر لە 100 كۆچبەری دیكە كە زۆرینەی هەرەزۆریان كوردن بوون، درەنگانێكی شەوی پێنجشەممە ٢٣/١٢/٢٠٢١، لە نزیك دوورگەی (ئاناتیكیپیرا) كە دوورگەیەكی بەردەڵانە و دەكەوێتە نێوان دوورگەكانی (خانیا و كەڵەماتە)ی وڵاتی یۆنان، بەلەمەكەیان ژێرئاو كەوتووە.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕێگەی نوێنەرەكەیەوە لە وڵاتی یۆنان، ئاشكرای كرد كە ڕزگاربووانی ڕووداوەكە كە 90 كەسن، "بریتین لە: 52 كۆچبەری لە ڕەگەزی نێر، 11 كۆچبەر لە ڕەگەزی مێ، 27 كۆچبەری منداڵ".

دەزگاكە دەشڵێت "11 تەرمی كۆچبەران دۆزراوەتەوە و گەڕان و پشكنین بەدوای بێسەروشوێنبووان بەردەوامە".

شەوی ڕووداوەكە ئەو كۆچبەرانە لە لایڤێكی فەیسبووكدا پەیوەندییان بە ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەرییەوە كرد وتیان "ژمارەمان 105 كەس" بووە، بەوپێیە چوار كۆچبەر ماون كە بێسەروشوێنن.

بەپێی هەموو سەرچاوەكان، 105 نزیكترین ژمارەیە لە ڕاستییەوە بۆ ئەو كۆچبەرانە كە پەرەگراف وەكو ژمارەی كۆچبەرەكان وەری گرتووە.

* دەیان كۆچبەری كورد كە بەلەمەكەیان نوقم بوو ڕزگار كران؛ چەند كەس خنكاون و بێسەروشێنن؟

ئەو بەلەمەیش كە دوێنێ‌ هەینی 24-12-2021 لە نزیك دوورگەی (پـــارۆس)ی یۆنان ژێرئاو كەوتووە، 63 كەسی تێدا ڕزگار كراوە و 16 تەرمیش دۆزراونەتەوە. بەپێی قسەی كۆچبەرە ڕزگاربووەكان "زیاتر لە پێنج كۆچبەر بێسەروشوێنن"، واتە بەلای كەمەوە ژمارەی كۆچبەرەكان 85 كەس بووە. پەرەگرافیش هەر ئەو 85 پێنج كەسەی بە نزیكەیی وەكو ژمارەی كۆچبەرەكان وەرگرتووە.

لەناو ئەو چوار ڕووداوەدا كە 55 تەرم دۆزراونەتەوە، 17 تەرم لە ڕووداوەكەی كەناڵی ئینگلیزدا یەكلا بوونەتەوە كە كۆچبەری كوردن، 16یان هاووڵاتیی هەرێم و كۆچبەرێكیش هاووڵاتیی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، كۆچبەرە خنكاوەكانی سێ‌ ڕووداوەكەی ئەم چەند ڕۆژە هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە چەندیان كوردن.

لەناو بێسەروشوێنبووەكانیشدا كە بە نزیكەیی 64 كۆچبەرن، هێشتا ناسنامەیان بە تەواوی دیاری نەكراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف بەشێكی زۆریان كوردن. هاوكات بەشی هەرەزۆرینەی ڕزگاركراوەكان كە 176 كۆچبەرن، كوردی هەرێمی كوردستانن.

* ڕێگەی هات و نەهات؛ قەیرانەكانی هەرێم هاووڵاتییان سەرگەردانی ڕێگای كۆچ دەكەن