دوایین پێشهاتەكانی شەڕی هەسەدە و داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران

22-01-2022 09:31

پەرەگراف

شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە پێی نایە سێیەم شەوەوە. ڕووانگەی سووری دەڵێت "هێشتا كۆنترۆڵی ناو گرتووخانەكە لە دەستی داعشدایە". هاوكات لە عێراقیش داعش هێرشێكی خوێناویی ئەنجام دا. هێرشەكان مەترسییەكانی ڕێكخراوەكەی زیاتر كردووە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ڕایگەیاند "هێشتا چەكدارانی داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران بەردەوامن لە هێرش و خۆحەشاردان، 150 چەكداری هەڵهاتووی داعش لە زیندانی غوێران دەستگیر نەكراونەتەوە".

بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش كرد كە هێزی ئەمریكی و هێزەكانی سووریای دیموكرات بەردەوامن لە هاتن بۆ ناوچەكە تا كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بگرنەوە دەست.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو كراونەتەوە، ئەمڕۆیش شەڕێكی توند و بەردەوام لە دەوربەری زیندانەكە بەڕێوە چووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت "لە ئەنجامی شەڕەكانی ئەمڕۆی حەسەكە، ٢٢ چەتە كوژراون و چەتەیەكیش دەستگیر كراوە. بەرەی باكووری زیندانەكەش بە تەواوی كۆنترۆڵ كراوەتەوە".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە دەشڵێت، هێزەكانیان بەردەوامن لە گەمارۆدانی چەكدارانی داعش و بەردەوام بازنەی گەمارۆكە بچووكتر دەكەنەوە.

هاوكات فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەردەوامن لە پاڵپشتیی شەڕڤانان و بۆردوومانكردنیان لە دەورەبەری گرتووخانەی غوێران، لەو چوارچێوەیەشدا مۆڵگەیەكی ئەو چەكدارانەیان بە چوار مووشەك بۆردوومان كردووە.

هێرشەكەی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، بە گەورەترین هێرشی ئەو ڕێكخراوە دادەنرێت لە ماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردوودا. هاوكات بووەتە جێگای مەترسی، بە تایبەت كە زیندانەكە نزیكەی پێنج هەزار لە سەركردە و چەكدارانی داعشی تێدایە.

هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی شاری حەسەكە، تیرۆریستانی داعش بەرەبەیانی دوێنێ‌ هەینی هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم لە پارێزگای دیالە و ١٠ سەرباز و ئەفسەرێكیان كوشت.

لە كاردانەوەی ئەم ڕووداوانەدا، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق ئەنجام دا.

كازمی لەبەر مەترسییەكانی هەڵاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناو خاكی عێراق، داوای توندكردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەكانی كرد لەسەر سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا.

شەوی ڕابردووتر 20-1-2022 شانە نووستووەكانی داعش هێرشیان كردە سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان. سەرەتا ئۆتۆمبێلێك و ماتۆڕسكیلێكیان لە نزیك دەرگای گرتووخانەكە تەقاندووەتەوە، پاشان ھەوڵیان داوە دوو تانكەری سووتەمەنی بكەنە ئامانج تابتوانن زیندانییەكان ڕزگار بكەن.

دواتر ڕووبەڕووبوونەوەی توند دروست بوو كە نزیكەی 72 كاتژمێرە بەردەوامە. لە ڕووبەڕووبوونەوەكاندا دەیان چەكداری داعش كوژراون، ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنیش بوونەتە قوربانی. لە ڕیزی هێزەكانی سووریای دیموكراتیش شەهید و بریندار هەیە.

شەوی ڕابردوو مەزڵووم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، تێكشكاندنی هێرشەكەی داعشی بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە ڕاگەیاند و وتی "هێزە ئەمنی و سەربازییەكانمان بە هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی، توانییان بەرپەرچی هێرشەكە بدەنەوە و ناوچەكانی دەوروبەری زیندانەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە".

* مەزڵووم کۆبانێ: هێرشی داعش بۆ سەر زیندانەکەی حەسەکە تێکشکێندراوە