نەوت گەیشتە ٩٥ دۆلار؛ کاریگەریی لەسەر مووچە دەبێت؟

11-02-2022 10:36

پەرەگراف

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەردەوامە لە بەرزبوونەوەو بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە ٩٥ دۆلار.

داھاتی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی ھەرێم و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەریی لەسەرمووچە نییە، ئەوەش جێی ڕەخنەو گومانی پەرلەمانتارانە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "حەوت مانگە نرخی نەوت هەرچەند بێت، هەر350 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی بۆ دابەشكردنی مووچە، كە دەكاتە 27 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك".

هەرێمی کوردستان ھەر بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی ١٠ دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ دەفرۆشێت و ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل ھەناردە دەکات، بە نرخی ئەمڕۆ کۆی داھاتی نەوتی مانگێک دەکاتە ملیارێك و 147 ملیۆن دۆلار.

بەپێی ئامارێک کە ساڵی ڕابردوو حکومەتی ھەرێم لە پەرلەمان خستییە ڕوو، "لەسەدا 58ی داهاتی نەوت بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت دەڕاوت، تەنیا لەسەدا 42 بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە".

بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەرهەمهێنانی نەوت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەم جۆرەیە؛ لەسەدا ٥٢ بۆ ٥٤یلە دهۆك و لەسەدا ٤٠ی لە هەولێر و لەسەدا ٦ بۆ ١٠ی لە سلێمانییە.