سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی دوو ساڵی دیکەش پاڵپشتی دارایی پەرەگراف دەكات

05-03-2022 05:26

پەرەگراف

پەرەگراف بە خۆشحاڵییەوە خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، سەركەوتوو بووە لە دووبارە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی كە لەژێر دروشمی "پاڵپشتیی ئازادی لەسەرتاسەری جیهاندا" كار دەكات.

لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ئەو پاڵپشتییە داراییەدا كە بڕەكەی ١٠٤ هەزار دۆلارە بۆ ماوەی دوو ساڵ، پەرەگراف بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی وردو بنکۆڵکاریی و کارە ڕۆژنامەوانییەکانی فراوانتر دەكات لە هەردوو بەشی كوردی‌و ئینگلیزی ماڵپەڕەكە.

سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی(NED) ساڵی ڕابردووش بە بڕی ٤٥ هەزار دۆلار پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی کرد، سندوقەکە ڕێكخراوێكی ناحكومی ئەمەریكییە لە ساڵی ١٩٨٣ لە واشنتن دامەزراوە بە ئامانجی پەرەپێدانی دیموكراسی لە دەرەوە.

ڕێكخراوەكە كار دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی دیموكراسی، بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ‌و هاندانی گەشەپێدانی كۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتە جیاوازەكانی جیهاندا و پاڵپشتیی چەندین پڕۆژەو میدیای دیكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەکات.

پەرەگراف وەك میدیایەكی سەربەخۆ لەژێر دروشمی "بنەمای پەرەگراف متمانەیە" ئێستا لە شەشهەمین ساڵی كاركردنیدایە، ئەمە سێهەمجارە سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و پاڵپشتی دارایی دەكرێت.

ساڵی 2018 تۆڕی نێودەوڵەتی ئۆپن سۆسایەتی(Open Society Foundations) كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمەریكایە، پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی كرد بۆ ماوەی یەك ساڵ بە بڕی 24 هەزار دۆلار.

هاوكات لەگەڵ بەدواداچوون‌و كارە ڕۆژنامەوانییەكانیدا، پەرەگراف كاردەكات بۆ باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەوانیی‌و بەرزكردنەوەی ئاست‌و توانای ڕۆژنامەنووسان، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵی ٢٠٢٠ خولێكی چڕی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی كردەوە بۆ 12 ڕۆژنامەنووس كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانەوە بەشداربوون، خولەكە ماوەی 3 مانگی خایاند بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕێی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر.

سەربەخۆیی ماڵپەڕی پەرەگراف كە هۆكاری سەرەكیی متمانە پێكردنییەتی، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بە پارەی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەكەی دامەزراوە كاتێك لە ساڵی 2017دا ئۆتۆمبێلێكی خۆی فرۆشتووە بۆ دامەزراندنی ماڵپەڕەكە، پاشان سەرچاوەی داهاتی پەرەگراف ڕیكلامی كۆمپانیا ناوخۆییەكان‌و پاڵپشتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بووەو بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت، پەرەگراف لە میانی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئەخلاقی‌و پیشەییەكانی كاری ڕۆژنامەوانی دەكات (هاوسەنگی، وردبینی و بەویژدانی).