پەرەگراف
ڕێكخراوی داعش پەیامێكی ڤیدیۆیی ئەبوبەكر بەغدادیی بڵاوكردەوە، ئەوە یەكەم دەركەوتنی خەلیفەی داعشە لە ساڵی 2014وە.
بەغدادی لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا كە ماوەكەی 18 خولەكە لە ژوورێكدا دانیشتووەو بۆ ژمارەیەك چەكداری داعش قسە دەكاتو دەمووچاوی داعشەكان ڕووپۆش كراوەو دیارنییە كێن.
ئەبوبەكر بەغدادی لە پەیامەكەیدا، بەیعەت لە جیهادییەكانی مالی، بۆركینافاسۆ و ئەفغانستان قبوڵدەكاتو ئەوە دەخاتەڕوو، هێرشەكانی سریلانكا تۆڵەكردنەوەی شەڕی باغۆز بوونو دەڵێت، شەڕی ئەمڕۆیان "شەڕی مان و نەمانە".
بەغدادی باسلەوەشدەكات چەكدارانی ڕێكخراوەكەی، نە لە لیبیا، نە لە موسڵ، نە لە ڕەققە و باغۆزی سوریا خۆیان بەدەستەوە نەداو تاوەكو دواساتەكانی "شەهیدبوون" شەڕیان كردووە.
بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەی بەغدادی لەكاتێكدایە، داعش لە عێراقو سوریا هیچ ناوچەیەكی بەدەستەوە نەماوەو دیارنییە ئەبوبەكر بەغدادی لە چ ناوچەیەك خۆی حەشارداوە.
یەكەم دەركەوتنی خەلیفەكەی داعش
یەكەم دەركەوتنی ئەبوبەكر بەغدادیی ڕۆژی هەینی 5-7-2014 بوو، كاتێك وتاری هەینیی لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ خوێندەوە، ئەوكات داعش لە ترۆپكی بەهێزیدابوو، 25 ڕۆژ بوو دەسەڵاتی لە موسڵ گرتبووە دەست، دوای ئەوەی لە 10-6-2014وە لە ماوەی تەنیا شەو و ڕۆژێكدا بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق (موسڵ)ی كۆنتڕۆڵكرد.
مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ كۆنترینو گەورەترینە لە سەنتەری شار، ئەو ڕۆژە تا دەهات قەرەباڵغتردەبوو، هەندێك لەو كەسانەی دەهاتنە مزگەوتەكەوە پێشتر لەوێ نەبینرابوون.
شێخ حمود كە لە ساڵی 2009وە لەو مزگەوتە وتار دەداتو پێشنوێژی دەكات، دەڵێت "ڕێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەرئاو ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت، كاتێك مۆلیدەكەیان داگیرساند چەكدارێكی داعش لەگەڵیان دەڕۆیشتو وتیان كەس بۆی نییە وێنەبگرێت… هەروەها تەواوی تۆڕەكانی پەیوەندی تاوەكو كاتژمێر 5ی ئێوارە نەبوون".
دوای ئەوەی لەڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، كەسێكی خۆیان بانگی نیوەڕۆیدا، دواتر كەسێكی تریان هەستایە سەرپێو وتی: ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد وتاری ڕۆژی هەینیتان بۆ دەخوێنێت.
شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) چووەسەر مینبەری مزگەوتەكەو وتارێكی 15 خولەكیی پێشكەش كرد.
جگە لە باسكردنی مانگی ڕەمەزان كە چەند ڕۆژێكی كەمی مابوو، بەغدادی باسی خێری شەوی لەیلەتولقەدری كردو دواتر داوای"جیهادی كرد لە پێناو خوادا"، هەرلەوێ خەلافەتەكەی ڕاگەیاند.
شێخ ئیبراهیم عەواد ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) ساتی ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ.