حكومەتی ھەرێم: ئەگەر گازی سروشتی ھەناردە بكرێت، وەكوو نەوتەكە لە ڕێگەی توركیاوە دەبێت

18-04-2022 08:18

پەرەگراف

حكومەتی ھەرێم كار بۆ ئەوە دەكات بە بەرھەمھێنانی زیاتر لە گازی سروشتی، پێداویستیی ناوخۆ و وێستگەكانی كارەبا پڕ بكاتەوە، پاشان لە ڕێگەی توركیاوە ھەناردەی دەرەوەی بكات.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمریكای وت "ئەو‌ گازە سروشتییەی لە ھەرێم ھەیە، زۆرە و هەوڵ دەدرێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت و پێداویستی ناوخۆ پڕ بكاتەوە، بەتایبەت بۆ وێستگەكانی كارەبا".

سەفین دزەیی دەشڵێت "هەناردەكردنی غاز پێویستی بەدانوستانی زیاتر دەبێت، پاش پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی هەرێم، ئەگەر عێراق پێویستی بێت گازی پێ دەدرێت، پاشان‌ بەرەو دونیای دەرەوە ھەناردەی دەكرێت لە ڕێگەی توركیاوە".

دزەیی، ڕەتی دەكاتەوە هەناردەكردنی غاز بەم زووانە بێت و دەشڵێت كە هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەوەی كە هەرێم لە بابەتی غازدا ببێتە جێگرەوەی وڵاتان.دەشڵێت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی هەرێم بە تایبەت سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەناردەكردنی غازی هەرێم سەردانی توركیایان كرد و بە تایبەت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا گفتوگۆیان لەوبارەیەوە كرد.
جووڵەكانی هەرێم حكومەتی فیدراڵی عێراقی نیگەران كرد، هاوكات ئێران نیگەرانە لەو هەوڵانە.

لە بەرانبەر هەوڵەكانی هەرێم بۆ هەناردەكردنی غاز، دادگای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك كۆی پرۆسەی نەوت و غازی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەم دا و گرێبەستە نەوتییەكان و یاسای نەو و غازی هەرێمیشی ڕەت كردەوە.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات. بەغدا سێ‌ بڕیاری بۆ چارەسەر دەركردووە، بەڵام هەرێم بەشێكیان ڕەت دەكاتەوە، بە تایبەت بڕیاری دروستكردنی كۆمپانیایە پەیسوەت بە نەوتی هەرێم كە بارەگاكەی لە هەولێر بێت و سەر بە حكومەتی فیدراڵی بێت.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەررلەمانی كوردستان، دەڵێت "یەدەگی غازی هەرێم پێنج پۆینت حەوت ترلیۆن مەتر سێجایە، واتە 200 ترلیۆن پێ‌ سێجا كە دەكاتە لەسەدا سێی غازی جیهان. حەوت حەقلی سەرەكیی غازیش لە هەرێم هەن كە شەشیان دەكەونە گەرمیان چەمچەماڵەوە و نزیكەی لەسەدا 85ی غازی هەرێمیان تێدایە".

سەرۆكی لیژنەی وزە دەشڵێت "حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە بۆ هەناردەكردنی غاز. لە 2013 دەستیان بە ڕاكێشانی بۆریی غاز كرد بەشێكی تەواو كراوە، ویستیان تا 2016 تەواوی بكەن، بەڵام نەكرا".

* یەكێتی ئۆفەرێكی توركیا لەبارەی گازی سروشتیی چەمچەماڵ ڕەت دەكاتەوە