وەزیری نەوتی عێراق: داهاتی نەوتی هەرێم ناگاتە بەهای نیوەی نەوتە فرۆشراوەکە

07-05-2022 08:03

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕەخنەی تووند لە شێوازی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و تەئکید لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکەن، دەشڵێت: داهاتی نەوتی هەرێم ناگاتە بەهای نیوەی ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکەی، باسی لەوەکرد ناکرێت دۆخی وزە بەو شێوازەی ئێستای بەردەوام بێت و دوو سیاسەتی نەوتیی لە وڵاتدا هەبێت و دۆسیەی نەوت بە سیاسیی بکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان "بەنرخێکی زۆر کەمتر" لە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقیی نەوتەکەی دەفرۆشێت و ئیدارەدانی ئەو دۆسیەیە لە هەرێم نادروستەو پارەی نەوتە فرۆشراوەکەی هەرێمی کوردستان ناگاتە لەسەدا ٥٠ی بەهای ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت.

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەکخۆی جێبەجێ دەکەن هەرچەندە دەزانن لە ناوخۆو دەرەوەش کاردانەوەی دەبێت، بەڵام پێویستە نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیایەکی سەربە حکومەتی ناوەندیی بەڕێوەببرێت.

لە دانیشتنێكی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە 15-2-2022 بەڕێوە چوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە "ڕادەستكردنی كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت بە حكومەتی فیدراڵی" و دەڵێت "دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان لە دەوڵەت و كۆمپانیاكان، دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێچەوانەی دەستووری عێراق".

سەرەتای مانگی ڕابردوو شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوت سەردانی بەغدای كرد، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێم ڕایگەیاند "پێشنیاری بەغدامان ڕەت كردەوە لەبارەی دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم كە موڵكی ئەوان بێت".