بەغدا بە سێ‌ خاڵ چارەسەری مەلەفی نەوتی هەرێم دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ئەمە تاكە ڕیگەیە

16-04-2022 04:32

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت كە هەنگاویان ناوە بەرەو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم و سێ‌ خاڵیان داوەتە حكومەتی هەرێم. دشڵێت "هەرێم بە 50%ی چارەسەرەكەی ئێمە ڕازییە".

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الفرات)، دەڵێت "ئێمە بەشێوەیەكی كردەیی بەرەو جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕۆیشتووین، هەرێم پێی وا نییە بڕیارەكە پابەندكەر بێت بۆی، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەو بڕیارە پابەندە لەسەرمان".

سەبارەت بە چارەسەری كێشەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت "سێ خاڵمان بە فەرمی داوە بە وەفدەی هەرێم، یەكەم: پێداچوونەوەی گرێبەستەكان‌ و چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی. دووەم: دروستكردنی كۆمپانیای نەوتی كوردستان كە حكومەتی فیدراڵی خاوەندارێتی دەكات ‌و بارەگاكەی لە هەولێر دەبێت‌، لایەنی یەكەم دەبێت لە هەموو كۆمپانیاكاندا لە هەرێم".

خاڵی سێیەمی ئەو چارەسەرەی بەغدا خستوویەتیە ڕوو، پەیوەستە بە "پەرەپێدانی كێڵگەكان‌ و نرخی نەوت" كە وەزیری نەوت دەڵێت "فیدراڵی دەبێت، واتە بە هاوبەشی دەبێت لە نێوان هەرێم‌ و بەغداد".

ئیحسان عەبدولجەبار جەخت دەكاتەوە كە "ئەمە بڕیاری وەزارەتی نەوتە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و هیچ چارەسەرێكی ترمان لا نییە. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ئەمە تاكە ڕێگایە بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم پیشەسازی نەوت لە وڵاتدا. ئەوەی بەسەر بەسرەدا جێبەجێ دەبێت، بە جۆرێك لە جۆرەكان بەسەر هەرێمیشدا جێبەجێ دەبێت".

دەربارەی بۆچوونی هەرێم، ئیحسان عەبدولجەبار دەڵێت "بە ئامانەتەوە دەیڵێم، هەرێمی كوردستان بە 50%ی چارەسەرەكەی ئێمە ڕازین، بەڵام تێڕوانینی تریان هەیە كە بە بڕوای من پەیوەندیی بە لاوازیی متمانەوە هەیە بە دەسەڵاتە فیدراڵییەكان".

وەزیری نەوتی عێراق بۆچوونی ئەرێنیشی لەبارەی زۆرینەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمەوە هەیە و پێی وایە "ڕێژەی 80%ی گرێبەستەكانی هەرێم دروستە، كێشە لە 20%ی گرێبەستەكاندا هەیە".

هەفتەی ڕابردوو شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوت سەردانی بەغدای كرد، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێم ڕایگەیاند "پێشنیاری بەغدامان ڕەت كردەوە لەبارەی دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم كە موڵكی ئەوان بێت".

عەبدولحەكیم خەسرەو بۆ كوردستان24 وتیشی "هەرێمی كوردستان ئەو پێشنیارەی هەبوو كە هەر خۆی كۆمپانیایەكی تایبەت دابمەزرێنێت، ببێتە موڵكی خەڵكی كوردستان، كە تەواوی پابەندییەكان لە چوارچێوەی ئەو كۆمپانیایەدا ڕێك بخرێنەوە".

لە دانیشتنێكی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە 15-2-2022 بەڕێوە چوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە "ڕادەستكردنی كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت بە حكومەتی فیدراڵی" و دەڵێت "دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان لە دەوڵەت و كۆمپانیاكان، دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێچەوانەی دەستووری عێراقن".

* دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی دا: هەناردەكردنی نەوت و یاسای نەوت و غازی هەرێم و نادەستوورین

* قوفڵی نەوت كەوتە دەستی بەغداد؛ كوردستان دەتوانێت لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی یاخی ببێت؟

* حکومەتی ھەرێم: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نادەستورییەو قبوڵی ناکەین

* سەرۆکایەتییەکانی هەرێم: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی قبووڵكراو نییه‌و مەرامی تایبەتی لە پشتە