پۆلیسی ڕاپەڕین: ١٢٠٠ هاووڵاتی لەسەر 15 ملیۆن دۆلار سكاڵایان لەسەر سڵێمان هەڵشۆیی تۆمار كردووە

15-05-2022 11:48

پەرەگراف

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند "١٢٠٠ هاووڵاتی لەسەر 15 ملیۆن دۆلار سكاڵایان لەسەر سڵێمان هەڵشۆیی تۆمار كردووە و لەو دۆسیەیەشدا تەنیا هەڵشۆیی خۆی بە دەستگیركراوی ماوەتەوە".

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "87 تۆمەتبار لەسەر ئەم كەیسە دەستگیر كران، كە 86یان بە كەفالەتی سێ‌ بۆ 300 ملیۆن دینار ئازاد كراون، تەنیا خودی سڵێمان هەڵشۆیی لەژێر لێكۆڵینەوەدا ماوە".

سەبارەت بە دەنگۆی ئازادكردنی هەڵشۆیی بەم نزیكانە، پۆلیسی ڕاپەڕین ڕەتی دەكاتەوە لە ئێستادا شتی وا هەبێت، بەڵام نایشارێتەوە كە "بەپێی یاسا شایستەی ئەوەیە بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بەڵام جارێ‌ دیار نییە ئەو بڕە پارە چەندە كە دەبێت بۆ كەفالەتی دابنرێت و كێ‌ كەفالەتی دەكات".

سلێمانی هەڵشۆیی كە وەك بازرگان و پیاوی كار لە ناوچەی پشدەر خۆی بە خەڵك ناساند، سەدان موڵك و ماڵی لە خانوو، زەوی، پارە و ئۆتۆمبێل لە هاوڵاتیان وەرگرت و لە ساڵی 2020یشدا خرایە زیندان و تا ئێستا چارەنووسی موڵكی خەڵكەكەش نادیارە.

فێڵ و هەڵخەڵەتاندن بۆ بردنی پارەی خەڵك، خەریكە دەبێتە دیاردە و متمانە لە مامەڵەی نێوان هاوڵاتیاندا ناهێڵێت، لەكاتێكدا یاسا بەركارەكان جگە لە سزایەكی كەم؛ هیچ چارەسەرێكی بنەڕەتییان بۆ ئەو دۆسیەیانە پێ نییە.

"هەزار و 280 كەس پارە و موڵكی داوەتە گروپەكەی سلێمانی هەڵشۆیی، هەندێكیان پارە و زێڕی ژنەكەی بۆ بردووە، بەوهۆیەوە ئێستا خەڵكانێك توشی گرفتی دەرونی بون و سەدان كێشە ڕوبەڕوی خەڵك بۆتەوە" محەمەد عەبدوڵا، یەكێك لە نوێنەرانی ئەو هاوڵاتییانەی موڵك و پارەیان بە هەڵشۆیی داوە، بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو هاوڵاتییە خۆی دانیشتوی قەزای پشدەرە لە ئیدارەی ڕاپەڕین و پارچە زەوییەكی بە سلێمانی هەڵشۆیی داوە، لە مانگی تشرینی دوەمی 2020دا، دوای نوسینی پارچە كاغەزێك و واژۆكردنی وەك بەڵگەنامە، بە ئامانجی ئەوەی لە ئاداری 2021دا سلێمان بەهای زەوییەكەی بە پارەیەكی زیاترەوە بۆ بگەڕێنێتەوە.

نرخی زەوییەكەی محەمەد ئەوكات دەفتەرێك و 55 وەرەقە بوو، بەڵام نە زەوییەكە و نە پارەیشی دەستنەكەوت.

ئەو جۆرە مامەڵانە تەنیا بە موڵكەوە ناكرێت، هاوشێوەی دۆسیەكەی سلێمانی هەڵشۆیی، چەندین ڕوداوی دیكەی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن هەفتانە و مانگانە تۆماردەكرێن، باوترینیان خواردنی پارەی خەڵكە بەناوی ڕێكخستنی سەفەری چونە ئەوروپا.

ئەرشەد حسێن، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ وئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بە پەرەگراف-ی وت "كەیسی ساختەكردن و وەرگرتنی پارە لەخەڵك بەشێوەی فێڵ و ساختە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم هەن، لە هەولێر سێ تا چوار دۆسیە ڕویداوە، لە دهۆك و سلێمانیش، بەڵام دۆسیەكان بە ئێمە نەگەیشتون بۆیە بەدواداچونمان نەكردووە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەم حاڵەتانە لەدوای ساڵی 2008ـەوە ڕوو لە زیادبوونە، هەركاتێك كەیسی هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی بگاتە دەست لیژنەكەمان بەوردی بەدواداچوونی بۆ دەكەین، بەشێوەی مەیدانی سەردانی دامودەزگاكانی حكومەت و دادگا دەكەین".

ئەو داواكارە لە هاوڵاتیان، هۆشیارانە مامەڵە بكەن و بەبێ هیچ بەڵگەیەكی فەرمی حكومەت و دادگا، پارە و موڵكی خۆیان نەدەن بەهیچ كەسێك.

* مامەڵەی هەڵشۆییانە؛ ئەمیشیان چوو ئەویشیان چوو