كارمەندێكی ئاسایشی یەكێتی لە مەخموور لەلایەن داعشەوە شەهید كرا

01-05-2019 01:15
وێنەی كارمەندەكەی ئاسایشی یەكێتی بەر لە شەهیدكردنی

پەرەگراف - سەنگەر سالار

كارمەندێكی دەزگای ئاسایشی یەكێتی لە مەخموور كە تاقانەی حەوت خوشكە، پاش 72 كاتژمێر لە ڕفاندنی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە شەهید كرا.

ڕەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە مەخموور، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كارمەندێكی یاریدەدەرێتیی ئاسایشی مەخمووری سەر بە یەكێتی، ڕۆژی هەینی لەگەڵ چوار كەسی دیكە بە مەبەستی دۆمەڵان كردن چوونەتە بناری چیای قەرەچووغ، لە نزیك گوندی عەلی ڕەش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستگیر كراون."

بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە مەخموور وتیشی "پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، چوار كەسیان لەلایەن ئەو چەكدارانەوە ئازاد كراون، بەڵام ئەو كارمەندەی ئاسایش كە سەیری ناو مۆبایلەكەیان كردووە، وێنەی بە جلوبەرگی ئاسایشەوە تێدا بووە، ئیتر ئازادیان نەكردووە."

لە دوێنێوە هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو كارمەندەی ئاسایش لەلایەن سێ‌ چەكداری داعشەوە شەهید كراوە. ڕەشاد گەڵاڵی ئەو زانیارییەی پشتڕاست كردەوە و وتی "پاش 72 كاتژمێر لە دەستگیركردنی شەهید كراوە."

گەڵاڵی وتیشی "كارمەندەكەی ئاسایش ناوی (بەشدار سەفەر)ـە و تاقانەی حەوت خوشكە."

پاش دەستگیركردنی ئەو كارمەندە، هەوڵی زۆر لەلایەن كۆمیتەی یەكێتی و كەسوكاری دراوە بۆ ئەوەی بچن بە دەمیەوە، بەڵام هێزە عێراقییەكان ڕێگرییان كردووە. لەوبارەیەوە بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە مەخموور ئەوەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە كە "دایك و خوشكێكی ئەو كارمەندەی ئاسایش ویستوویانە بچن بۆ بناری چیای قەرەچووغ تا لەگەڵ ئەو چەكدارانەی داعش قسە بكەن بۆ ئازادكردنی كوڕەكەیان، بەڵام هێزە عێراقییەكان ڕێگرییان كردووە."

تا ئێستا تەرمی بەشدار لە دەستی چەكدارانی داعشدایە، ڕەشاد گەڵاڵیش دەڵێت "هەوڵی تەواوی خۆمان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكەی دەدەین، بەڵام بە دووری دەزانم ئەو چەكدارانە تەرمەكە ڕادەست بكەنەوە."

ماوەیەكە جموجووڵی چەكدارانی داعش لە گوندەكانی بناری چیای قەرەچووغ، زیادی كردووە. مانگی ڕابردووتریش دانیشتووانی گوندی گردگراوی لە بناری چیاكە، بەهۆی مەترسیی چەكدارانی داعشەوە گوندەكەیان چۆڵ كرد، دواتر بە جێگیركردنی بنكەیەكی هێزە عێراقییەكان لە ناوچەكە، بەشێك لە دانیشتووانەكەی گەڕانەوە گوندەكەیان.

پێشتر پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا زانیاریی وردی لەبارەی جموجووڵەكانی داعش لە ناوچەكانی باشووری كەركووك و گوندەكانی سەر بە قەزای داقووقیش خستە ڕوو.

دانیشتووانی ئەو گوندانە دەڵێن "داعش لێرە بە فراوانی هەن‌و شوێنیان بەدەستەوەیەو خەڵك بە ڕوونی دەیان بینێت، داعش خۆی هێرش ناكات، ئەگەرنا بە ئاسانیی دەتوانێت شوێنی دیكەش بگرێت".

ئێستا بەشێكی زۆر لە زەوییەكانی ئەو گوندانە بەهۆی مەترسیی داعشەوە بە قەدەغەكراو "موحەڕەمە" دادەنرێن‌و خەڵكی ناوچەكە ناتوانن بچنە ناو زەوییەكانیان، وەك زەوییەكانی ئەمین حەكیم لە گوندی مەنسور.

هەرچەندە پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لەو سنورە بوونیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە تەواوی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەن‌و دڵەڕاوكێی خەڵك بڕەوێننەوەو مەترسیی داعش دوربخەنەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ڕێكخراوی داعش پەیامێكی ڤیدیۆیی ئەبووبەكر بەغدادیی بڵاوكردەوە، كە ئەوە یەكەم دەركەوتنی خەلیفەی داعش بوو لە دوای 5ی تەمووزی ساڵی 2014وە كە خەلافەتەكەی خۆی لە مزگەوتی نووریی شاری مووسڵ ڕاگەیاند.