قوباد تاڵەبانی: نازانین هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر پەیامی لەپشتەوەیە یان نا

25-06-2022 03:06
وێنەیەكی هێرشەكەی ئێوارەی دوێنێ‌ 24-2-2022

پەرەگراف

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر، ڕایگەیاند "لێكۆڵینەوە دەكەین بۆ ئەوەی بزانین سەرچاوەی ئەو هێرشانە كوێیە، ئەوكاتە وەڵامی خۆمان دەبێت". دەشڵێت "نازانین ئەو هێرشانە پەیامی لەپشتەوەیە یان نا".

قوباد تاڵەبانی لە كاتی بەشداریكردنی لە پێشانگایەكی هەلی كار لە سلێمانی، وتیشی "لێكۆڵینەوەكان لەبارەی هێرشەكانەوە بەردەوامن و تا ئێستا هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە".

سەبارەت بە زیانەكانیش، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی كردەوە كە "نە زیانی ماددی و نە زیانی شەخسیی نەبووە، ڕەگە زیانی مەعنەویی هەبووبێت كە تۆزێك قەلەقیی دروست كردووە".

قوباد تاڵەبانی پێی وایە "ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە كە بە دووسێ‌ ساروخ بڕووخێت".

ئێوارەی دوێنێ‌ 24-6-2022، بۆ جاری دووەم لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە مووشەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كاتژمێر 2:10 خولەك یەك مووشەك لە دەرەوەی كۆمپانیای دانەغاز، لای گوندی كۆرمۆر و لە پشت كۆمپانیاكەوە، كەوتووەتە خوارەوە".

بە قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم، هێرشەكە "لە نزیكی شوێنی هەمان هێرشەكەی پێشوو بووە و زیانی گیانی و ماددی نەبووە، تەنیا هەندێك پووشوپەڵاش سووتاوە".

لە دوای هێرشەكەی ئەمڕۆ، زۆرێك لە كارمەندان و كۆمپانیاكانی ناو كەمپەكە ئاگادار كراونەتەوە كە "خۆیان كۆبكەنەوە و كەمپەكە چۆڵ بكەن"، لەبەر ئەو مەترسییانەی كە لەسەر ژیانیان هەیە.

ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دوای ھێرشەكە سەردانی كێڵگەی گازەكەی كرد و بە ڕۆژنامەنووسانی وت "كێڵگەكە بەردەوامە لە بەرھەمھێنان و ھێرشەكە ھیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەرھەمھێنانی گاز و كارەبا نەبووە".

موفتی وتیشی "لە ئێستادا ڕۆژانە ٤٥٠ ملیۆن پێ سێجا گاز لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر بەرھەم دەهێنرێت بۆ بەرھەمھێنانی كارەبا. ئەگەری كشانەوەی دانەگازیش لە ئارادانییە و دۆخەكە ئارامە".

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

* گەورەترین كێڵگەی گازی سروشتیی ھەرێمی كوردستان لەژێر ھێرشی مووشەكدایە