داواکاری گشتی لە بەرژەوەندی سزادراوانی شیلادزێ ڕەئی دا

07-07-2022 03:28
پێنج چالاکوانە سزادراوەکەی شیلادزێ

پەرەگراف

داواکاری گشتی هەولێر لە بەرژەوەندیی پێج چالاکوانە سزادراوەکەی شیلادزێ ڕەئی دا بەوەی کە ئازادکردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە، بە وتەی پارێزەرەکەیان بۆ پەرەگراف.

بەشدار حەسەن پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "خۆشبەختانه سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەسەر پرسی سزادراوانی شیلادزێ رەئی خۆی دا کە سزادراوان ئازادکردنی مەرجدار (افراج شرطي) دەیانگرێتەوە".

"دوای جەژن هەر پێنج چالاکوانەکەی شیلادزێ ئازاد دەکرێن. ئەوە یەکەمجارە داواکاری گشتی لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بادینان ڕەئی بدات" پارێزەرەکەیان وای وت.

بەشدار حەسەن دوێنێ ڕایگەیاند، ئەو پێنج سزا دراوە دەبوایە ڕۆژی ١٦/٦/٢٠٢٢ ئازاد بکرێن بە (افراج شرطي)، "بەڵام بە بڕیاری حیزب ئازادکردنیان ڕاگیراوە"، وتیشی "یەکێک لە سزادراوەکان دووچاری نەخۆشییەکی ترسناک بووە".

ناوەڕاستی مانگی ٥ی ئەمساڵ، هاوشێوەی سزادراوانی دیكەی بادینان، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەو پێنج چالاكەی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ‌ سزای دوو ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.

لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو پێنج کەسە بەڕێوەچووە دوای ساڵێك و شەش مانگ لە دەستگیركردنیان.

ئەو کات تیمی پارێزەرانی دۆسیەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند "ئێمە چاوەڕاون بووین كە ئەو كەسانە بە بێتاوان دابنرێن و ئازاد بكرێن".

وتیشیان، ئەو چالاكانە ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە و پاش مانگێك لە بڕیارەكەی دادگا دەست بە ڕێكارەكان دەكەن و لە ماوەی یەك هەفتەدا تەواو دەكرێت.

ئازاكردنی مەرجدار بۆ هەر ساڵێك سێ‌ مانگە، بەو جۆرەیش ئەو چالاكانە لەکاتی حوکمەکەی دادگادا ماوەی سزاكەیان تەواو كردبوو، بەوتەی پارێزەران دەبوو دوای مانگێک و حەوت ڕۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا ئازاد بكرێن، بەڵام تائێستا لە زیندانن.