داواکاری گشتی لەو ڕەئییەی پەشیمان بووەوە کە لە بەرژەوەندی سزادراوانی شیلادزێ دای

20-07-2022 02:24
پێنج چالاکوانە سزادراوەکەی شیلادزێ

پەرەگراف- فەرمان سادق

داواکاری گشتی لەو ڕەئییەی پەشیمان بووەوە کە بەرلە جەژن لە بەرژەوەندی پێنج چالاکوانەکە سزادراوەکەی شیلادزێ دای، بەپێچەوانەی پێشووەوە ئێستا دەڵێت: ئازادکردنی مەرجدار(افراج شرطي) نایانگرێتەوە.

ناوەڕاستی مانگی ٥ی ئەمساڵ، هاوشێوەی سزادراوانی دیكەی بادینان، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێنج چالاكی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ سزای دوو ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا کە بریتی بوون لە (مەحمود ناجی، یوسف شەریف، کۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع و ئەمجەد یوسف).

 بەوتەی پارێزەرانی دۆسیەکە، ئەو چالاكانە ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە کە بۆ هەر ساڵێك سێ‌ مانگە، بەوپێیەی لەکاتی حوکمەکەی دادگادا زۆربەی ماوەی سزاكەیان لە زیندان تەواو كردووە، دەبوو لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بە ئازادکردنی مەرجدار ئازاد بکرێن، بەڵام تائێستا لە زیندانن.

کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی سی پی تی کە چاودێریی دۆخی چالاکانی دەستگیرکراو دەکات، ئەمڕۆ بە پەرەگرافی وت "بەرلە جەژن سەردانی سەرۆکی داواکاری گشتیمان کرد ئەو بڕیاریدا ڕەئی خۆی بە دادگا بگەیەنێت کە ئازادکردنی مەرجدار بیانگرێتەوە دوای ئەوە ئێمە لەگەڵ پارێزەران چووینە زیندان بەهۆی تەوابوونی کاتی دەوام نەمانتوانی ڕێکارەکان تەواو بکەین و کەوتە دوای جەژن".

"دوای جەژن کە گەڕاینەوە چووینەوە بۆ لای سەرۆکی داواکاری گشتیی، بەداخەوە بڕیارەکە گۆڕابوو وتیان پێویستیان بە ڕاوێژی دیکەهەیە، ئەمڕۆ بڕیارەکەیان بە ئێمە گەیاند کە ئازادکردنی مەرجدار ڕەتدەکەنەوە بۆ زیندانییانی شیلادزێ" کامەران وای وت.

وتیشی "ئێمە نیگەرانیی خۆیمان لەوەدا دەردەبڕین کە جیاکاریی دەکرێت لە جێبەجێکردنی ئازادکردنی مەرجدار، بۆ نمونە لە سلێمانی دوو کەس بە هەمان ماددەی یاسایی حوکمدراون هەردویان ئازادکردنی مەرجدار گرتویەتییەوە، دوو کەسی دیکە لە دهۆک و کەسێکی دیکەش لە هەولێر بە هەمان شێوە، بەڵام بۆ کەدێتەسەر زیندانییانی شیلادزێ ئەم بڕیارە ڕادەگیرێت. ئێمە پێمانوایە دەستتێوەردان هەیە لەم بڕیارەو نیگەرانین لەوە".

٧ی ئەم مانگە کاتێک داواکاری گشتی لە بەرژەوەندیی چالاکانی شیلادزێ ڕەئی دا، بەشدار حەسەن پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "دوای جەژن هەر پێنج چالاکوانەکەی شیلادزێ ئازاد دەکرێن. ئەوە یەکەمجارە داواکاری گشتی لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بادینان ڕەئی بدات". بەڵام ئەمڕۆ داواکاری گشتی پەشیمان بووەتەوە.

بەشدار حەسەن وتیشی، ئەو پێنج سزا دراوە دەبوایە ڕۆژی ١٦/٦/٢٠٢٢ ئازاد بکرێن، "بەڵام بە بڕیاری حیزب ئازادکردنیان ڕاگیراوە".

گفتوگۆی ئەمڕۆی پەیامنێری پەرەگراف لەگەڵ ڕێکخراوی سی پی تی و پارێزەرێکی دۆسیەکە