سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان: لێكۆڵینەوەی خێرا و ورد لە تۆپبارانەكەی زاخۆ بكرێت

22-07-2022 05:14

پەرەگراف

سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان داوای "لێكۆڵینەوەی خێرا و ورد" لە تۆپبارانەكەی زاخۆ و "لێپرسینەوە لە ‌ئەنجامدەران"ی دەكات.

وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی تۆپبارنەكەی زاخۆ دەكات كە تێیدا نۆ كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 20 كەسیش بریندار بوون.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "سكرتێری گشتی ئیدانەی تۆپبارانە كوشندەكان دەكات لە ناوچەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستانی عێراق".

سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان هیچ لایەنێكی بە ئەنجامدانى هێرشەكە تۆمەتبار نەكردووە و داوا دەكات "لێكۆڵینەوەی خێرا و ورد لە ڕووداوەكە بكرێت بۆ دیاریكردنی بارودۆخ و هۆكاری هێرشەكە و دەستەبەركردنی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران".

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 20-7-2022، تۆپبارانی گوندی پەرەخی گەشتیاری لە سنووری ناحیەی دەركاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرا، لە ئەنجامدا نۆ گەشتیار كە سەرجەمیان عەرەب بوون، گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 20 گەشتیاری دیكە بریندار بوون.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی شوێنی ڕووداوەكەی كرد و ڕایگەیاند "دوای لێكۆڵینەوە، بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ھێرشەكە توركیا ئەنجامی داوە بە چوار مووشەك".

شەوی ڕابردوویش وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند "هەموو ئاماژەكان پشتڕاستی دەكەنەوە كە تۆپبارانەكە لەلایەن توركیاوە ئەنجام دراوە و ڕەتكردنەوەی لەلایەن توركیاوە خاڵێكی ڕەشە".

ئەمەش لە كاتێكدایە كە توركیا ڕەتی دەكاتەوە ئەو هێرشەكەی ئەنجام دابێت و پەكەكە تۆمەتبار دەكات، بەڵام هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، دەڵێت "ھیچ ھێزێكمان لەو ناوچەیەی زاخۆ نییە كە توركیا كۆمەڵكوژیی لێ ئەنجام دا".

هەپەگە دەشڵێت "نابێت كەس هەوڵ بدات ئەم كۆمەڵكوژییە بەئەنقەستانەی دەوڵەتی تورك بشارێتەوە و بۆ ئەو ڕووداوە دەستگیرۆیی بكرێت".

لە كاردانەوەی هێرشەكەدا، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بڕیاری دا بەپەلە سكاڵایەك دژی توركیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار بكرێت و ڕێوشوێنی تووندی دیبلۆماسی دژی ئەو وڵاتە بگیرێتە بەر. داوایشی لە توركیا كرد بە فەرمی داوای لێبوردن بكات و ھێزە سەربازییەكانی لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بكێشێتەوە.

* تورکیا ناوچەیەکی گەشتیاریی لە زاخۆ بۆردومان کرد و چەند گەشتیارێک کوژران

* عێراق بە فەرمیی تۆپبارانەکەی خستە ئەستۆی تورکیا، بەڵام ئەو وڵاتە سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی

* تراژیدیای بۆردومانەكەی توركیا؛ قەیس بە دوو كچەوە دەچێتە زاخۆ و بە دوو تابوتەوە دەگەڕێتەوە