یەكێك لە چالاكە دەستگیركراوەكانی هەولێر: بێڕێزییان بەرانبەر كردم و بە بۆكس لێیان دام

22-07-2022 10:48
وێنەی بەشێك لەو چالاكانەی كە هەوڵیان دا لەناو پاركی شانەدەر گربوونەوە ئەنجام بدەن

پەرەگراف

یەكێك لەو چالاكانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە دەستگیر كران، دەڵێت "بێڕێزییان بەرانبەر كردم و بە بۆكس لێیان دام". بە لای كەمەوە شەش كەس لەسەر هەوڵی گردبوونەوە دژی تۆپبارانەكەی توركیا لە هەولێر دەستگیر كران و پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كران. پارێزگاری هەولێر بۆ پەرەگراف دەڵێت "بە هاندانی پارتێكی دەرەوەی هەرێم هەوڵیان داوە خۆپیشاندانی بێ‌ مۆڵەت بكەن".

سابیر زەندی، یەكێك لە چالاكە دەستگیركراوەكان، پاش ئازادكردنی بە پەرەگرافی وت "دەستگیركراوەكان شەش كەس بووین، من كە بە سابیر فەرەنسی ناسراوم، لەگەڵ لێزان بەكر، هاوڕێ كوردی، هۆگر پیرباڵ و دوو كەسی دیكە كە دوانەكەی دیكە وتیان ئێمە پەیوەندیمان بە خۆپیشاندانەكەوە نەبووە و بەوێدا تێپەڕیوین".

ئەو چالاكە وتیشی "من بە تەنیا لە ئاسایش دەستگیر كرابووم، بێڕێزییان بەرانبەر كردم و بە بۆكس لێیان دام، بەڵام لەبارەوەی ئەوانی ترەوە زانیاریم نییە، چونكە پێكەوە نەبووین و دواتر دەستگیركراوەكانی دیكەم بینی".

یەكێكی دیكە لەو چالاكانە كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بۆ پەرەگراف وتی "دوای چارەكێك لە چوونمان بۆ ناو پاركی شانەدەر بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەكە، بەبێ‌ فەرمانی دادوەر دەستگیر كراین".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كە "هەندێك لە چالاكەكان لە كاتی وەرگرتنی وتەدا قسەی خۆیان گۆڕیوە و وتوویانە هیچ پەوەندییان بەو گردبوونەوەوە نەبووە".
بە قسەی ئەو چالاكە، هەموو دەستگیركراوەكان كە ژمارەیان "زیاتر لە شەش كەس" بووە، ئازاد كراون".

ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك چالاكی شاری هەولێر كە پەرلەمانتاریشیان لەناودا بوو، هەوڵیان دا گردبوونەوەیەكی هێمنانە دژی تۆپبارانەكەی توركیا لەناو پاركی شانەدەر ئەنجام بدەن، بەڵام هێزێكی ئەمنیی زۆر لە دەوروبەر و ناو پاركەكە بڵاوەی پێ‌ كرابوو و ڕێگرییان لێ‌ كردن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ گرووپێكی 25 كەسی كە پەرلەمانتاری كوردستانیشیان تێدا بووە، بە هاندانی حیزبێكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە نایەوێ دان بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا بنێت، ویستیان بەبێ مۆڵەت خۆپێشاندان بكەن، بۆیە هێزە ئەمنییەكانیش ڕێگەیان پێ نەدان".

ئومێد خۆشناو دەشڵێت "پێنج كەسیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەپێی یاسای خۆپێشاندان و بە تۆمەتی مۆڵەت وەرنەگرتن، دەستگیر كراون و ڕادەستی یاسا دەكرێن".

یەكێك لە چالاكە دەستگیركراوەكان بۆ پەرەگراف قسەكانی پارێزگاری هەولێرى ڕەت كردەوە و وتی "لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە مۆڵەتمان بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەكە وەرگرتووە".

* لە هەولێر ڕێگری لە گردبوونەوە دژی تۆپبارانەكەی توركیا كرا و چەند چالاکوانێک دەستگیر كران