عێراق سکاڵا لە دژی کۆمپانیای گازپرۆم و دانەگاز تۆماردەکات بەهۆی کارکردنیان لە هەرێم

09-08-2022 02:09

پەرەگراف

بەغداد هەڵمەتەکەی فراوانتر دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، لەو چوارچێوەیەدا كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی و دانەگازی ئیماراتی خسته‌ لیستی ئامانجه‌ یاساییه‌كانییه‌وه و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات.

بەپێی ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، لە دانیشتنێکدا کە دوێنێ دووشەممە لە دادگای بازرگانیی کەرخ لە بەغدا بەڕێوەچوو، دادوەر محەمەد عەلی مەحمود نەدیم، وتی "ئەو دوو کۆمپانیایە بانگهێشتنامەیان بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی وەک تۆمەتبار ئامادەبن لەو دۆسێیانەی وەزارەتی نەوی عێراق لە دژیان تۆماری کردوون، بەڵام هێشتا هیچ کام لە کۆمپانیاکان لە دانیشتنی دادگادا ئامادە نەبوون".

کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی كۆرمۆر لە ھەرێمی كوردستان کار دەکات کە گەورەترین كێڵگەی گازی هەرێمەکەیەو لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندجارێک بە مووشەک هێرش کرایەسەری.

كۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.

ئەو هەنگاوانەی بەغداد یەکەم دۆسیەکردنەوەیە لە دژی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە کە لە ئێستادا لە عێراق کار دەکەن یاخود بەنیازی کارکردنن لە داهاتوودا.

هەربەهۆی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان، عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر هەریەکە لە کۆمپانیاکانی؛ دی ئێن ئۆی نەرویجی، گەنەڵ ئینێرجی و گەڵ کیستۆن-لە بەریتانیا تۆمار کراون-، وێسترن زاگرۆسی کەنەدی، ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی، ئەداکس پترۆلیەمی چینی و شاماران پترۆلیەمی کەنەدی تۆمار کردووە.