دانەگاز: قازانجمان لە کوردستان لەسەدا ٨٢ زیادی کردووەو بەرزبووەتەوە بۆ 111 ملیۆن دۆلار

11-08-2022 11:43

پەرەگراف

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ڕایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجیان لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 82٪ زیادی کردووەو بەرزبووەتەوە بۆ ١١١ ملیۆن دۆلار.

بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکە، ھەر لەو شەش مانگەدا، ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەتەوەو داهاتی کۆمپانیاکە 284 ملیۆن دۆلار بووە، ھەروەھا خەرجییەکانی بە رێژەی 16٪ کەمکردووەتەوە.

کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی كۆرمۆر لە ھەرێمی كوردستان کار دەکات کە گەورەترین كێڵگەی گازی هەرێمەکەیەو لە دوو مانگی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک هێرش کرایەسەری.

دانەگاز دەڵێت، کارکردن لە مانگی شەش لەسەر پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر وەستاوە، بەڵام لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆدان بۆ دەستپێکردنەوەی پەرەپێدانی کێڵگەکە.

كۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، کاردەکات بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.

دانەگاز لەبارەی قۆناغی یەکەمی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر دەڵێت، یەکەم بیری نەوتیان هەڵکۆڵیوە و کارکردن لەسەر هەڵکۆڵینی بیری دووەمیش بەردەوامە

ئەوە لەکاتێکدایە بەغداد لە چوارچێوەی فراوانکردنی هەڵمەتەکەیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵكۆمپانیا نه‌وتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی و دانەگازی ئیماراتی خسته‌ لیستی ئامانجه‌ یاساییه‌كانییه‌وه و سکاڵایلەسەر تۆمار کرد.

بەپێی ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، لە دانیشتنێکدا کە دووشەممەی ڕابردوو لە دادگای بازرگانیی کەرخ لە بەغدا بەڕێوەچوو، دادوەر محەمەدعەلی مەحمود نەدیم، وتی "ئەو دوو کۆمپانیایە بانگهێشتنامەیان بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی وەک تۆمەتبار ئامادەبن لەو دۆسێیانەی وەزارەتینەوی عێراق لە دژیان تۆماری کردوون، بەڵام هێشتا هیچ کام لە کۆمپانیاکان لە دانیشتنی دادگادا ئامادە نەبوون".