سەدرییەكان لە دادگای فیدراڵی سكاڵایان لەسەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تۆمار كرد

14-08-2022 07:01

پەرەگراف

لەگەڵ ڕەتكردنەوەی داواكارییەكەی موقتەدا سەدر لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، سەدرییەكان پەنایان بۆ دادگای فیدراڵی برد و سكاڵایان لەسەر هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تۆمار كرد.

نەسار ڕوبەیعی، ئەمینداری گشتیی فراكسیۆنی دەستلەكاركێشاوەی سەدر، سكاڵاكەی تۆماركردووە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و پابەندكردنی سەرۆككۆمار دەكات بە دیاریكردنی كاتێك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

سەباح ساعدی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاند "بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی دادوەری چاوەڕوانكراو بوو، پێویستە ئەوە كاریگەریی لەسەر دادگای فیدراڵی نەبێت لە دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا".

هاوكات لەگەڵ ئەو سكاڵایەدا، سەدرییەكان دەیانەوێت لە ڕێگەی فۆرمێكەوە كە دەدرێتە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەمان داواكارییان هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەزاران فۆرمیان ئامادە كردووە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، داواکارییەکەی سەدری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕەت کردەوە و دەڵێت، ئەو کارە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەنجوومەنی دادوەریی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، تەواونەکردنی ڕێکارە دەستورییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی حکومەتی نوێ، پێشێلکاریی دەستوورن و چەندین جار داوای چارەسەریان کردووە.

* دەسەڵاتی دادوەریی وەڵامی سەدری دایەوە: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە

ململانێی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، بە تایبەتیش دژایەتیی نووری مالیكی بۆ داواكارییەكانی موقتەدا سەدر، بووەتە هۆی بەردەوامیی بارودۆخی سیاسیی بە بنبەست گەیشتووی عێراق.

ڕۆژی 10ی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر لە وەڵامی مالیكیدا ڕایگەیاند، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان مەرج نییە بە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان خۆی بێت و لە تویتێكدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری كرد بەھۆی كۆتاییھاتنی وادە دەستوورییەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە لە ماوەیەكدا كە نەكەوێتە كۆتایی ھەفتەی داھاتوو.

سەدر وتیشی، دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆككۆمار وادەی ھەڵبژاردنی نوێ ڕابگەیەنێت بە چەند ڕێوشوێنێكی نوێوە كە دواتر دەیخەنە ڕوو.

* سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

بەرلەو هەڵوێستەیش، موقتەدا سەدر وەڵامی نووری مالیكیی دایەوە و سوێندی بە خودا و خوێنی ئیمامی عەلی خوارد كە نابێت كەسی گەندەڵ حكومڕان بێت.

* سەدر لە وەڵامی مالیکیدا سوێند بە خوێنی ئیمامی عەلی دەخوات: کەسی گەندەڵ نابێت حکومڕانی بکات

ئەو كاردانەوەی سەدر دوای ئەوەهات كە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژی داوایەكی سەدر وەستایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە.

مالیكی وتی "عێراق وڵاتی پێكهاتەكانە، گەلەكەی لە پێكهاتە و مەزهەب و نەتەوەكان پێك دێت، ناكرێت هیچ ئیرادەیەكی بەسەردا بسەپێندرێت، تەنیا ئیرادەی تەواوی گەل نەبێت و لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانەوە كە پەرلەمانی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتیی دەكات".

سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وتیشی "پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سیستم ناگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكرێت، تەنیا بە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق نەبێت. پەرلەمان گفتوگۆ دەربارەی ئەو داواكارییانە دەكات و هەر بڕیارێك بدات جێبەجێی دەكەین".