وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لە دۆسیەی زیندانیانی مانگرتوو ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە و داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكرێت

21-08-2022 11:53

پەرەگراف

ڕەمەزان ئەرتیسی، یەكێك لە پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، داوا لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكات دەست لە كار بكێشێتەوە، ئەگەر هاتوو لەم هەفتەیەدا ڕێكارەكانی ئازادكردنی بەمەرجی زیندانیانی مانگرتووی بادینان نەگیرایە بەر. سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤیش داوای "بە پەلە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكانیان بەپێی ڕێكارە یاساییەكان" دەكات.

ئەو پارێزەرە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، نووسیویەتی "بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر بیانووی بێ بنەما لە كەیسی زیندانیانی بادیناندا دەهێنێتەوە".

ڕەمەزان ئەرتیسی ئاماژەی بەوە داوە كە ڕۆژی ١٦-٨-٢٠٢٢، بە فەرمانی كوێستان موحەممەد، وەزیر كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، شاندێكی پێكهاتوو لە بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتی و لێپرسراوی كاروباری یاسایی و بەرپرسی بەشی پلانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتی، سەردانی چاكسازی گەورانی ھەولێری كردووە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی ئازادبوونی بەمەرج (افرج شرگ)ی سزادراوان.

شاندەكە داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر كردووە كەیسی ئەو سزادراوانەی كە ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە، ڕەوانەی داواكاری گشتی بكات بۆ ئەوەی بەزووترین كات كاری لەسەر بكرێت.

بەڵام پاش پێنج ڕۆژ لەو سەردانە، هێشتا كەیسی ئەو سزادراوانە لەلایەن چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە ڕەوانەی داواكاری گشتی نەكراوە. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتریش پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان ڕایانگەیاندووە كە چاكسازیی گەوران دەستی دەستی بە دۆسیەی ئەو سزادراوانە دەكات.

ئەمڕۆیش جارێكی دیكە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری گشتیی بەندیخانەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێریان كرد.

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ، دەڵێت "سەردانەكە بۆ دوو بابەت بوو: دۆخی مانگرتوان كە تا ئێستا بەردەوامە لای هەندێ لەوانەی كە داوای ئازادكردنی مەرجدار دەكن و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی ئازادیی مەرجدار و داوای بە پەلە یەكلاییكردنەوەی بە پێی ڕێكارە یاساییەكان".

دەیان سزادراو كە ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە، لەناویشیاندا سزادراوانی بادینان، لە ٢١ و ٢٤-٧-٢٠٢٢ـەوە مانیان لە خواردن گرتووە و لە نوێترین پەیامدا دەڵێن "مانگرتنمان بەردەوامە و دۆخی تەندروستیمان ناجێگیرە".

* زیندانییانی مانگرتووی بادینان: مانگرتنمان بەردەوامە و دۆخی تەندروستیمان ناجێگیرە

هەروەها ڕێڤینگ یاسین، یەكێكی دیكە لە پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، دەڵێت "ئەگەر لەم هەفتەیەدا كەیسی ئازادكردنی بەمەرجی زیندانیانی بادینان یەكلا نەكرێتەوە، پێویستە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بۆ پرساندن، لەسەر دەستی دەستیكردنی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر بە كەیسی ئەو زیندانیكراوانە".

هەردوو پارێزەرەكە دەڵێن "پێویستە ڕێكار بەرانبەر بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر بگیرێتە بەر، چونكە بەپێی ماددەی ٣٢٩ی یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەرێك بڕیاری دادگا جێبەجێ نەكات، یان ڕێگر بێت لە جێبەجێكردنی، سزا دەدرێت بە بەندكردن و غەرامەكردن، یان بە یەكێك لەو دوو سزایە".

دۆسیەی دەستگیركراوانی مانگرتووی بادینان و ژمارەیەك لە زیندانیكراوی دیكە كە بە ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان سزا دراون، ناڕەزایەتیی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە تایبەت دەستگیركراوانی بادینان، بەوپێیەی پارێزەرانیان دەڵێن "سزادراوانی بادینان ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە و دەبوو پێشتر ئازاد بكرێن".

پێشتر، بەشدار حەسەن بە پەیامنێری پەرەگرافی وت، بابەتی ئەو دەستگیركراوانەی بادینان كە 10 كەسن، "بەسیاسی و حیزبی كراوە و دەستوەردانی گەورە لە ئاستی زۆر باڵا دەكرێت".

"بەر لە جەژنی قوربان داواكاری گشتی وتی ئەو چالاكانە ئیفراج شەرتی دەیانگرێتەوە، بەڵام دوای جەژن پەشیمان بووەوە. ئێمە ناتوانین ناوی كەس ببەین، بەڵام زانیاریمان هەیە كە پەیوەندی كراوە بۆیە ئەو بابەتە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە"، بەشدار حەسەن وای وت.

* پارێزەرەكەیان: دەستوەردانی گەورە لە ئاستی زۆر باڵادا لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان هەیە

دواخستنی ئازادكردنی بەمەرجی ئەم سزادراوانە لە كاتێكدایە كە پێشتر سێ‌ سزادراوی هاوڕێیان كە بە هەمان ماددە سزا درابوون، چەند مانگێك لەمەوبەر ئازاد كران.