لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ھەڵوێست وەردەگرن لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان

20-09-2022 06:39

پەرەگراف

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ سەرقاڵی تاوتوێکردنی ھەڵوێست وەرگرتنن لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دواخستنی ھەڵبژاردن.

بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ ئەو لایەنانە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداو بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەش بکەن.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فرکسیۆنی یەکگرتوو کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "لە ئەگەری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەڵوێست وەردەگرین و هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوە دەبێت".

شێرکۆ جەودەت وتیشی "پێویستە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، چونکە هاوڵاتی بۆ چوارساڵ دەنگی بە پەرلەمان داوە و ناکرێت تەمەنی درێژبکرێتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پێیشیوایە، لایەنەکانی دەسەڵات بۆیە "هەڵبژاردن ئەنجام نادەن و دوای دەخەن، چونکە ترسیان لە دەنگدەر هەیە و ناتوانن دەنگەکانی پێشویان بهێننەوە".

تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کەمتر لە دوو مانگی ماوەو حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، چەندین مانگە لە گفتوگۆدان و ئەنجامەكەی هەر وەك خۆیەتی؛ نە ڕێكدەكەن لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژارن و نە وادەی پڕۆسەكە دیاریدەكەن.

هەفتەی ڕابردوو جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان و گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن بەردەوامن.

جەعفەر ئیمینکی، وتیشی، زۆر گرنگ بوو ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان درێژ نەکرێتەوە و ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە نەکرا.

"هەوڵەکان بەردەوامن بۆئەوەی پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ ماوەیەک درێژ بکاتەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمسیۆن پێکەوە بکرێن و لەسەری رێکبکەوین، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە، گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بەرەو چارەسەر دەچێت" ئیمینکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وای وت.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

مشتومڕ و ناكۆكی حیزبەکان لەسەر چەند خاڵێكە؛ لە نێویاندا بازنەكانی هەڵبژاردن و كورسی كۆتاو کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، لەگەڵ هەندێك وردەكاری دیكە كە هەندێكیان پێیانوایە بە یاسایەكی نوێ دابیندەكرێت و بەشێكیشیان لەگەڵ دەستكاریكردنیی یاساكەدا نین.

كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پێویستی به‌ شه‌ش مانگ ئاماده‌كاری هه‌یه‌ له‌ رۆژی دیاریكردنی واده‌كه‌یه‌وه‌.