پارتی و یەکێتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان هاوپەیمانییان واژۆکرد بۆ پێکهێنانی حکومەت

26-09-2022 12:28

پەرەگراف

پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان هاوپەیمانییەکیان بەناوی "بەڕێوەبردنی دەوڵەت" پێکهێنا بە مەبەستی دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، هاوپەیمانییەکە شەوی ڕابردوو واژۆ کراوەو هێشتا بە فەرمیی ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکراوە.

هوشام رکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نوری مالیکی لە تویتێکدا ڕایگەیاند "بە بەرەکەتی خودا، کەشتیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێکەوت."

هاوکات فادی شه‌مه‌ری سەرکردە لە ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتنی کۆتایی لایەنەکانی ڕاگەیاند لەبارەی ئەو هاوپەیمانییە نوێیەو دەڵێت: چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، پارتی، یه‌كێتی، هاوپه‌یمانی عه‌زم، سیاده‌ و بابلیۆن واژۆی كۆتاییان له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌ هاوپه‌یمانییەکە کردووە.

شەمەری دەشڵێت: بەو هیوایەین كاره‌كان به‌ باشی به‌ڕێوه‌ بچن و كاندیدی سه‌رۆككۆمار دیاری بكرێت و په‌رله‌مان ده‌ست به‌ كاره‌كانی بكاته‌وه.

هەفتەی ڕابردوو پەرەگراف ئاشکرایکرد، چوارچێوەی هەماهەنگی، سوننەكان، پارتی و یەكێتی لە كۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕوپڕدان بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەت و دەرچوون لەم چەقبەستووییە سیاسییەی عێراقی تێكەوتووە. ئەنجامی گفتوگۆكانیش گەیشتنە بە ڕەشنووسێك كە بڕیارە واژۆ بكرێت.

ئەوکات سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكان بوو، بە پەرەگرافی وت "كۆبوونەوەیەكی درێژ لە ماڵی موحەممەد حەلبووسی بەڕێوە چووە، لە كۆبوونەوەكەدا لایەنەكان بۆچوونی خۆیان خستووەتە ڕوو و كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش گەڵاڵە كراوە وەكوو ڕەشنووسی ڕێككەوتنێك".

لە كۆبوونەوەكەدا هەمووان هاوڕا بوون كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەست پێ‌ بكەنەوە و حكوومەتێكی نوێ‌ پێك بهێنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بەپێی سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف، پارتی و یەكێتی هەریەكەیان داواكارییەكیان هەبووە كە گرێیان داوە بە كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت.

پارتی داوای كردووە چاوپۆشی بكرێت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و كێشەكە بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بكرێت، ئەویش لە ڕێگەی دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز، لایەنە عێراقییەكان بە داواكارییەكە ڕازی بوون.

یەكێتیش داوای كردووە پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكرێتەوە و بدرێتەوە بە یەكێتی، لایەنە عێراقییەكان بە داواكارییەكەی یەكێتیش ڕازی بوون بە مەرجی ئەوەی دوو جێگری هەبێت كە كورد نەبن.

هەر لە كۆبوونەوەكەی ماڵی حەلبووسی، هەموو لایەنەكان هاوڕابوون كە لیژنەیەكی هاوبەش پێك بهێنن بۆ سەردانكردنی موقتەدا سەدر و ڕازیكردنی بە پێكهێنانی حكوومەت.

نزیكەی یەك ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چووە، پاش چەندین دانوستان و ڕێككەوتنی جیاواز، لایەنە عێراقییەكان دابەش بوون بۆ دوو بەرە و هیچ كامیان نەیانتوانی حكوومەت پێك بهێنن.

پارتی و یەكێتیش كە بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، نەیانتوانی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ڕێكبكەون و ململانێی توندیان لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە كرد، بەڵام بۆ هیچ لایەكیان یەكلا نەبووە.

بڕیارە كێشەی كاندیدی سەرۆككۆمار لە كۆبوونەوەی نێوان مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی یەكلا بكرێتەوە، كە چەند كۆبوونەوەیەكیان لەوبارەیەوە ئەنجام داوە.

هەرچەندە پارتی و سوننەكان لەگەڵ ڕەوتی سەدر لە دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا، بەڵام لە دوای شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەت، بە تایبەتیش دوای كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمان و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی عێراق، بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە.

سەدر داوای لە پارتی و سوننەكان كرد كە لە پەرلەمان بكشێنەوە و ئەم حكوومەتەی كە ئێستا هەیە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنێكی پێشەوەختە بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو دوو لایەنە ڕایانگەیاند كە لەگەڵ مانەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێن بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردن، بەوەش سەرەتای جیاوازییەكانیان دەركەوت.