حکومەتی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی لەلایەن بەغداوە ڕەت دەکاتەوە

27-09-2022 02:25

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بە "دادپەروەرانە" ناو دەبات و ئاشكرای دەكات كە حكوومەتی هەرێم داواكارییەکی ئەوانی ڕەتکردووەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی گرێبەستە نەوتییەكانی.

ئیسحان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی نیمچەفەرمیی عێراقییە، دەڵێت "بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان، زۆر دادپەروەرانەیە داوامان كردووە گرێبەستە نەوتییەكانی ھەرێمی كوردستان دیراسە بکەین، بەڵام ھەرێم داواكەی ڕەت كردووەتەوە".

بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق "جیاوازییەكی زۆر ھەیە لە نێوان گرێبەستەكانی نەوت و بڕی دەرھێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی ھەرێمی كوردستان".

هەر سەبارەت بە بڕیارەكەی پەیوەست بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، جاسم موحەممەد عەبود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ڕایگەیاند "لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت بڕیارەكانی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی بەرژەوەندیی عێراق جێبەجێ بكەن".

جەختكردنەوەی بەرپرسانی عێراق لە جێبەجێكردنی بڕیاركەی دادگای فیدراڵی دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم، لە كاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردوو پەرەگراف ئاشكرای كرد، پارتی لە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، داوای كردووە چاوپۆشی بكرێت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و كێشەی دۆسیەی نەوت بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بكرێت.

پارتی داوای كردووە كێشەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم لە ڕێگەی دەرچوواندنی یاسای نەوت و غازەوە چارەسەر بكرێت، لایەنە عێراقییەكان بە داواكارییەكەی ڕازی بوون.

هەر هەفتەی ڕابردوو، عەلا یاسیری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە ئاژانسی عەهد نیووزی ڕاگەیاند، ڕێوشوێنی بەبازاڕكردنیان دژی نەوتی هەرێمی كوردستان گرتووە بەر و سەرجەم كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیان ئاگادار كردووەتەوە كە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان نەكڕن.

بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوە كردووە كە "بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، سەرجەم گرێبەستەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەند نییە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە".

بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەوان ڕێكار و میكانیزمی نەرم بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرنە بەر بە مەبەستی "گواستنەوەی تەواوی مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی، بەڵام ئەو بابەتە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێ نەكراوە".

بە قسەی عەلا یاسری، ساڵی ڕابردوو هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بەڵام ئەمساڵ هەناردەی نەوتەكەی بۆ ٣٥٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا دابەزیوە.

یاسری جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە كە "حكوومەتی هەرێم نەوت بە نرخێكی كەمتر لە حكوومەتی ناوەندی دەفرۆشێت، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەرێم نەوت بە داشكاندنی ١٦ بۆ ٢٠ دۆلار كەمتر بۆ هەر بەرمیلێك لە بازاڕ دەفرۆشێت، لەكاتێكدا كە فرۆشتنەكە لە هەمان ناوچە و لە هەمان كوالێتیی نەوتە”.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان گوێ بە فشار و هەڕەشەكانی بەغداد نادەن و بەردەوام دەبن لە وەبەرهێنانی نوێ لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ڕۆی ١٢ی ئە مانگە، ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت بڵاوی كردەوە، سەرەڕای هەڕەشە یاساییەكانی حكومەتی عێراق، بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان پارەی زیاتر دەخەنە كێڵگە نەوتییەكانی كوردستانەوە بە ئامانجی وەبەرهێنانی دوورمەوداو پێشبینیی زیادبوونی بەرهەمهێنان دەكەن.

هەڵوێستی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە كاتێكدایە، دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەم دا، عێراق زنجیرەیەك ڕێوشوێنی لە دژی نەوتی هەرێم گرتەبەر، لەوانەش هەڕەشەكردن لەو كۆمپانیا جیهانییانەی نەوتی هەرێم دەكڕن و هۆشداریدان بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا نەكەن، ئەوانەی پابەند نەبوون خراونەتە لیستی ڕەشەوە.