پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان پڕۆژەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان واژۆ کرد

29-09-2022 03:47

پەرەگراف

پێشنیازە یاسایەک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک، ئەمڕۆ واژۆی بۆ کۆکرایەوەو پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان کە ٨٥ پەرلەمانتارن واژۆیان لەسەر کردو ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا تا بخریتە بەرنامەی کارەوە.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان کە پڕۆژەکەی وژۆ نەکردووەو داوایکرد ناوی نەهێنرێت، بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ پرۆژەیەک پێشکەشکرا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ دوو وەرزی یاسادانان کە دەکاتە ساڵێک و بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی و ٧ پەرلەمانتاری گۆڕان و پێکهاتەکان واژۆیان کرد، بەڵام لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن واژۆیان نەکرد".

نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ پێنج پەرلەمانتاری گۆڕان کە بە ناڕازییەکان ناودەبرێن و پەیوەندییان بە فراکسیۆنەکەیانەوە نەماوە، پڕۆژەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان واژۆ نەکردووە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ڕەخنەی تووندی لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گرت، وتیشی " دوو هێزی دەسەڵات وەزعیان زۆر خراپە و نایانەوێت لەم کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت، هاوکات تێبینی لەسەر یاسای هەڵبژادن و پشکی پێکهاتەکان هەیە ئەوەش هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە کە دەکرا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن".

تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ٦-١١-٢٠٢٢ کۆتایی دێت، حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چەندین مانگ لە گفتوگۆدابوون و ئەنجامەكەی هەر وەك خۆی مایەوە؛ نە ڕێككەوتن لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژارن و نە وادەی پڕۆسەكەیان دیاری کرد.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

مشتومڕ و ناكۆكی حیزبەکان لەسەر چەند خاڵێكە؛ لە نێویاندا بازنەكانی هەڵبژاردن و كورسی كۆتاو کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، لەگەڵ هەندێك وردەكاری دیكە كە هەندێكیان پێیانوایە بە یاسایەكی نوێ دابیندەكرێت و بەشێكیشیان لەگەڵ دەستكاریكردنیی یاساكەدا نین.

كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پێویستی به‌ شه‌ش مانگ ئاماده‌كاری هه‌یه‌ له‌ رۆژی دیاریكردنی واده‌كه‌یه‌وه‌.