مەسرور بارزانی: پێویستە کاندیدی کورد بۆ سەرۆککۆمار بە دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە

08-10-2022 12:42

پەرەگراف

مەسرور بارزانی داوا دەکات کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوەو لایەنە عێراقییەکان ڕێز لە بڕیاری پەرلەمان بگرن لەوبارەیەوە.

ئەو داوایەی مەسرور بارزانی پێشتر لەلایەن یەکێتییەوە ڕەتکراوەتەوە، بەو پێیەی پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و دەتوانن لە بەرژەوەندیی خۆیان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ دیداری (پرسی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە وتی "بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدی هاوبه‌شی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ئێمه‌ په‌رله‌مانی كوردستانمان هه‌یه‌، په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، پێویسته‌ له‌نێو په‌رله‌ماندا ده‌نگ به‌ كاندیده‌ كورده‌كان بدرێت، كامه‌ كاندید زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، با ببێته‌ تاكه‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق".

"هه‌موو كاتێك گه‌لی كورد رێزی له‌ بڕیاره‌كانی لایه‌نه‌ شیعه‌ و سوننه‌كانی له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیده‌كانیان بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گرتووه‌، بۆیه‌ كاتێك په‌رله‌مانی كوردستانیش تاكه‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق دیاریده‌كات، پێویسته‌ حزب و لایه‌نه‌  سیاسییه‌كانی عێراق رێز له‌ بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان بگرن" سەرۆکی حکومەتی هەرێم وای وت.

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، لەچوار هەڵبژاردنی رابردوودا هەمیشە كورد لە سێ جاری یەكەمدا بە یەكڕیز‌و یەكگرتوو پشتیوانییان لە كاندیدێك كردووە بۆ سەرۆك كۆمار، دواترو لە هەڵبژاردنی پێشترەوە ئەم عورفە تێكشكا، سەرۆك كۆماری عێراق كە دەبوایە لەلایەن زۆرینەی كوردەوە هەڵبژێردرێت، ئەمە پەیڕەو نەكراو بەپێچەوانەوە لە پەرلەماندا بەبێ كورد به‌ زۆرینەیەكی تری شیعە هەڵبژاردنیان كردو سەرۆك كۆماریان دەستنیشان كرد.

سەرۆکی حکومەت وتیشی "ئەمجارەش دوای هەڵبژاردن پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگیرێت، لایەنی سەركەوتووی هەڵبژاردن لەناو هەڵبژاردنەكانی كوردستان كێیە مافی زیاتری هەیە كاندیدی سەرۆك كۆمار پێشنیار بكات".

لە ٢٦-٧-٢٠٢٢ پەرەگراف ئەوەی ئاشکرا کرد، یەکێتی پێشنیارێکی پارتی ڕەتکردووەتەوە بۆ دیاریکردنی کەسێک وەک کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان.

ئەوکات بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "پارتی بە پاساوی ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات، پێشنیاری کردووە پرسی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەتکردووەتەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی "پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان نیوە کۆ یەکی پەرلەمانی کوردستانیان هەیەو هەر دەنگدانێک لەبەرژەوەندیی ئەوان یەکلادەبێتەوە، یەکێتی سەرۆککۆمار بە ماف و پشکی خۆی دەزانێت نایخاتە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی لەوجۆرە".

هێشتا گرێکوێرەی پۆستی سەرۆککۆمار لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نەکراوەتەوەو ئەو حیزبە سوورن لەسەر کاندیدەکانیان، ئەوەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پەکخستووە.

دوای ئەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا كردەوە کە محەمەد شیاع سودانییە، ئێستا چاوەڕێی کوردن بۆ کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا پۆستەکە بە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق یەکلادەکرێتەوەو سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی کە دوای کشانەوەی سەدرییەکان بوونەتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، دەیانەوێت هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکەن.

بەڵام بەرلەوەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێردرێت، دەبێت پەرلەمان پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی بکاتەوە کە هێشتا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕێککەوتن نییە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.