خۆپیشاندانی فراوان لە چەندین شاری ئێران بەڕێوە دەچێت؛ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كوژراو و بریندار هەیە

08-10-2022 02:32
خۆپیشاندان لە شاری سنە لە دوو گۆشەی جیاوازەوە

پەرەگراف

بەیانیی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران لە 23یەمین ڕۆژیدا دەستی پێ‌ كردەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان سەری هەڵدا. كوژراو و بریندار لە ڕیزی خۆپیشاندەرانی سنە و سەقزدا هەیە و ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان لە سنە كوژراوە.

لە شاری سەقزی زێدی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندان دەستی پێ‌ كردووە و هێزە ئەمنییەكانی ئێران بە توندی ڕووبەڕووی خەڵك بوونەتەوە. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "لە گەڕەكی كەریم ئابادی شاری سەقز، ژن و مێردێك بە تەقەی هێزە سەركوتكەرەكان بە سەختی بریندار بوون و ژمارەیەك هاووڵاتییش دەستگیر كراون".

هەر لە شاری سەقز، خوێندكارانیش بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی. هەنگاو دەڵێت "بەهۆی تەقەی هێزە سەركوتكەرەكان بەرەو ڕووی قوتابخانەیەكی كچان، دوو مامۆستا بریندار بوون".

لە شاری سنەیش خۆپیشاندان بەردەوامە و هێزە ئەمنییەكانی ئێران تەقەیان لە خەڵك كردووە. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گرتەی ڤیدیۆیی كوژرانی شۆفێرێكی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "لە شەقامی شەشی بەهەمەن تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێك كردووە كە هۆرینی لێ‌ داوە، شۆفێرەكەیان كوشتووە".

خۆپیشاندەرانی شاری سنە بەشێك لە شەقامەكانی شارەكەیان داخستووە و هەنگاو دەڵێت "بەشێك لە شارەكە كەوتووەتە دەستی خۆپیشاندەران و ئەندامێكی هێزە سەركوتكەرەكان كوژراوە، خۆپیشاندەرێکى دیکەش کە لە خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆدا بریندار بوو، گیانى لەدەست داوە". هەروەها خوێنكارانی بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندنی سنە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتوونەتە سەر شەقام.

تۆڕى مافى مرۆڤی کوردستان دەڵێت "لە خۆپیشاندانەکانى شارى سنەدا، خۆپیشاندەرێک کوژراوە و زیاتر لە ١٥ى دیکە بریندار بوون".

لە شارەكانی ئیلام و كرماشانیش خوێندكاران دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە. هەروەها لە شارەكانی "سەقز، دیواندەرە، مەریوان، مەهاباد و سنە"، هاوكات مانگرتنی گشتی و داخستنی بازاڕەكان بەڕێوە دەچێت.

لە شارەكانی دیكەی ئێرانیش خۆپیشاندان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان سەری هەڵداوە. لە چەند ناوچە و زۆرێك لە زانكۆكانی تارانی پایتەختەت خۆپیشاندان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ڕووی داوە.

لە شارەكانی (زنجان، شیراز، ئەسفەهان، كەرەج، ئابادان، مەشهەد، ئەراك، كرمان، بابل، قەزوین و دامغان)یش خۆپیشاندانی خەڵك و خوێندكاران سەری هەڵداوە و بەردەوامە.

بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی پزیشكی دادی ئێران لە دوێنێدا كە تێیدا ئەوە ڕەت كراوەتەوە ژینا ئەمینی بەهۆی لێدان و ئەشكەنجەوە گیانی لەدەست دابێت، بووە هۆی فراوانتربوونی ناڕەزایەتییەكان لەمڕۆدا.

ژینا ئەمینی، كچێكی كوردی تەمەن 22 ساڵی شاری سەقز بوو، ڕۆژی 13-9-2022 لە كاتێكدا لەگەڵ براكەی چووبوونە شاری تاران، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانووی ڕەچاونەكردنی باڵاپۆشی دەستگیر كرا، دواتر بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا و دوای دوو ڕۆژ گیانی لەدەست دا.

مردنی گوماناویی ژینا بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، چونكە كەسوكار و بەشێك لە چالاكان و كەسایەتیی دیكەش، دەڵێن مردنی ئەو كچە لە ئەنجامی لێدان لە سەری بووە، لەو كاتەی كە بۆ بنكەی پۆلیس گوازراوەتەوە، بەڵام حكومەتی ئێران ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەیان شار و شارۆچكەی دیكەی ئێران لە ئەنجامی مردنی ژینا سەری هەڵداوە، بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكان بەلای كەمەوە 23 كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و 154 كەس لە سەرتاسەری ئێران كوژراون. ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، تەنیا لە خۆپیشاندانەكەی شاری زاهیدان "82" كەس كوژراون.