ژمارەیەک کاتیۆشا ئاڕاستەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کران لە چەمچەماڵ

12-10-2022 07:42
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی ٢٤-٦-٢٠٢٢

پەرەگراف

جارێكی دیكە بە چەند كاتیۆشایەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادر كەرەم.

سەرچاوەیەك لە كێڵگەكە بە پەرەگرافی وت "حەوت بۆ ھەشت كاتیۆشا دەبوون، زۆر نزیك بوون لە شوێنی كرێكارەكانی كێڵگەكە، دانەیەكیان بەر بیری ژمارە ١٤ی كێڵگەكە كەوت".

سەرچاوەكە وتیشی "ھێشتا تەواو ڕوون نییە بەڵام پێناچێت زیانی گیانیی ھەبێت".

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، هێرشەكە دەوروبەری كاتژمێر 7:30 خولەك ئەنجام دراوە، هیچ زیانێكی گیانیی لێ‌ نەكەوتووەتەوە، بەڵام زیانی ماددیی هەبووە كە هێشتا قەبارەكەی دیار نییە.

پێشتر لە ڕۆژانی 22 و 24 و 25ی حوزەیرانی ئەمساڵ، سێ‌ هێرشی مووشەكی كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ كە لەلایەن كۆمپانیای دانەگازەوە كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكرێت.

ڕۆژی 22-6-2022، مووشەكێك لە نزیك سیاجی كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر كەوتە خوارەوە و كۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند "زیانی ماددیی بە ناوچەی كاری كێڵگەی كۆرمۆر نەگەیاندووە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز بە شێوەیەكی سروشتی و بەبێپچڕان بەردەواە".

كۆمپانیاكە وتیشی "دوو كارمەندمان بەهۆی كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكەوە بە سووكی بریندار بوون، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاونەتەوە سەر كار".

* گەورەترین كێڵگەی گازی سروشتیی ھەرێمی كوردستان لەژێر ھێرشی مووشەكدایە

* قوباد تاڵەبانی: نازانین هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر پەیامی لەپشتەوەیە یان نا

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

كۆمپانیای دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.

دانەگاز لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا ڕێككەوتووە كە بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر بكات، كۆی تێچووی پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە 630 ملیۆن دۆلارە.

ئەگەرچی هێرش بۆ سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر پێشهاتێكی نوێیە، بەڵام لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووری لەقەڵەم دا، چەند جارێك بە مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كراوەتە سەر هەولێر.

هەرچەندە هێرشەكان بە پاساوی بوونی بنكەی ئیسرائیل بووە، بەڵام دوو هێرشیان بۆ سەر كۆمپانیای كار و ماڵی شێخ باز كەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار بووە، كە كۆمپانیاكەی كار لە كەرتی نەوتی هەرێمدا دەكات و بۆریی گازی هەرێمیش بڕیارە هەرلەلایەن هەمان كۆمپانیاوە ڕابكێشرێت.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری كەرتی نەوت، پێی وایە كە "لایەنی عێراقی وای دەبینن خۆڕاگریی كەرتی نەوتی هەرێم وابەستەیە بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانەوە، تا ئەم كۆمپانیایانە بەردەوام بن و نەوت بفرۆشن، هەرێم پێداگر دەبێت لەسەر هەڵوێستەكانی".

ئەو شارەزای بواری كەرتی نەوتە دەڵێت "گەر عێراق توانیی كۆمپانیا نەوتییەكان هەراسان بكات و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمیان پێ جێبهێڵێت، ئەوكات كەرتی نەوتی هەرێم كۆتایی دێت و حكومەتی هەرێم ناتوانێت درێژە بەم پرۆسە بدات، ئەمە تێگەیشتنی لایەنی عێراقییە،بۆیە كۆمپانیا نەوتییەكان دەكاتە ئامانج."

ڕۆژی 15-2-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و بڕیارەكانی پابەندكەرن، بڕیارێكی پێنج خاڵیی لەدژی كەرتی نەوتی هەرێم دەركرد.

"نادەستووریبوونی یاسای نەوت ‌و گازی هەرێمی كوردستان‌ ژمارە (22)ی ساڵی 2007 و پووچەڵكردنەوەی، پابەندكردنی حكومەتیهەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی تەواوی نەوت بە حكومەتی فیدراڵی، چاودێریی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی حكومەتی هەرێملەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە"، كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوو.

حكومەتی هەرێم چەند جارێك بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی ڕەت كردووەتەوە و سوورە لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتەكەی. جەختیش دەكاتەوە كە یاسای نەوت و غاز و كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێم دەستوورییە. ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمیش دەڵێت "مامەڵەیحكومەتی هەرێم لە دۆسیەی نەوت و گازدا نادەستووری نییە".