پەرەگراف
شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی دەكاتو ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتو دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی واژۆ دەكات، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش قسەی كۆتایی دەكەن لەبارەی ئەو گۆڕانكارییەی لە ڕێككەوتنی نێوانیان ڕوویداوە بەهۆی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم.
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای فەرمیی یەكێتی ڕاگەیاندووە، وابڕیارە سبەینێ لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی یەكێتییو پارتی ڕێكەوتننامەی نێوانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئیمزا بكەن.
هاوكات میدیای گۆڕان بڵاویكردەوە، شاندەكەی پارتی سبەینێ سەرەتا سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات و ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڕێككەوتنەكەی پێشوی نێوانیان كراوە، بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدەن.
دوای ئەوەی پارتی بەڵێنی زیادكردنی جێگرێكی دیكەی سەرۆكی هەرێمی دا كە دەدرێت بە یەكێتی، گرێكوێرەی نێوان ئەو دوو حیزبە كرایەوەو مەسعود بارزانی لە 3-4-2019 ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە یەك چركەی دیكە چاوەڕێ ناكەنو پەرلەمان كارەكانی دەستپێدەكاتو بەمزووانە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێتو حكومەتی نوێ پێكدێت، بەڵام بە پێچەوانەی وتەكانی بارزانی ئەمڕۆ مانگێكو یەك ڕۆژ بەسەر ئەو قسەیەدا تێدەپەڕێتو هێشتا پەرلەمان وادەی كۆبوونەوەی دیاریی نەكردووە بۆ دەنگدان لەبارەی پێشنیاری یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.
هەرچەندە بەڵێنەكەی بارزانی بۆ یەكێتی سەرەتا نیگەرانیی گۆڕانی لێكەوتەوەو پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی وەستاند، بەڵام لە دواین پێشهاتدا پەرەگراف بڵاویكردەوە، "گۆڕان ڕازیبووە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێتو پەیامی ڕازیبوونی بۆ پارتی ناردووەو گوتویەتی ئەو پۆستە ناكەینە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت"، بەوەش گرێكوێرە لەنێوان پارتیو گۆڕان نەما.
سەرچاوەكانی پەرەگراف لەناو گۆڕان باسلەوەدەكەن، بزووتنەوەكەیان ئەنجامدانی چاكسازیی لە ماوەیەكی كورتی دەستبەكاربوونی كابینەی نوێو هەبوونی دەسەڵاتی سەربازیی لای ئەو جێگرەی سەرۆكی هەرێم كە دەدرێتە گۆڕان، كردووەتە مەرجی ڕازیبوونی بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم كە دەدرێتە یەكێتی.
216 ڕۆژە هەڵبژاردن ئەنجامدراوەو پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، تائێستا تەنها لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی واژۆ كردووە.
بە دیاریكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمو نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، گۆڕانكاریی لەناو پارتیو دەسەڵاتی هەرێمدا ڕوودەدات، بەڵام ئەو دوو پۆستە بە تەنها نین، چەندین پۆستو دامەزراوەی دیكەیان پێوە گرێدراوە كە هێز بەو دوو پۆستە دەدەن، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، دوای ڕازیبوونی گۆڕان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم، گرێكوێرەی پێكهێنانی حكومەت گوازراوەتەوە بۆ نێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیو لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكانی، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كێشەیان هەیە.
پێدەچێت ئێستا ئەو كێشەیەی نێوان بارزانییەكان چارەسەر كرابێت، هەربۆیە سبەینێ واژۆی كۆتایی دەخەنەسەر كاغەز لەگەڵ یەكێتیو گۆڕانو دواتر هەنگاوی كرداریی دەنێن بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاریی كێشەكان پێشتر وتی "جۆرێك لە ڕێككەوتن لە نێوان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی هەبووە بەوەی كە لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەت، هەریەكە لە وەزیری وەزارەتەكانی ناوخۆو سامانە سروشتییەكانو ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دابنرێن، بەڵام ئێستا كێشە بۆئەوە دروست بووە".
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، "دوای پێدانی وەزارەتەكان بە یەكێتیو گۆڕان، 10 وەزارەت دەمێنێتەوە كە ڕەنگە 2 یان بدرێتە كەمینەكان، هەربۆیە ئەگەر ئەو سێ پۆستەی دیكەش نێچیرڤان بارزانی كاندیدیان بۆ دەستنیشان بكات، ئەوكات مەسرور بارزانی تەنها سەرۆكی حكومەت دەبێتو هیچی تر، هەربۆیە بەوە ڕازی نییە، بەتایبەت لەبارەی ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشو وەزارەتی ناوخۆ پێداگرە".
لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانی لەو پۆستەدایە تائێستا، ئەو دامەزراوەیە لەو چەند ساڵەی دروست بووە لە دەرەوەی بازنەی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە حیزبەكانی هەرێم بۆ دابەشكردنی پۆستو دەسەڵات لەناو خۆیاندا ئەنجامیانداوە، بەڵام ئەمجارە بەدەر لە كەسی یەكەمی ئەنجومەنەكە كە بۆ پارتی دەبێت، پۆستەكانی دیكە ناو ئەنجومەنەكە خرانە ناو گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە؛ دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی سەربازیو ئاژانسی پاراستنو زانیاریی(سەربە پارتیو یەكێتی-ن).
یاسای ئەنجومەنەكە(ژمارە 4ی ساڵی 2011) دەڵێت "ئەنجومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، دەزگاكانی سەربە ئەنجومەن بەڕێوەدەباتو سەرپەرشتییان دەكاتو هەماهەنگییان لە نێواندا دەكات".
تا ساڵی 2017 ئەنجومەنەكە سەربە مەسعود بارزانی بوو وەك سەرۆكی هەرێم، بەڵام دوای ئەوەی ئەو پۆستە نەماو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دابەشكران بەسەر دامەزراوەكانی دیكەدا، پۆستەكە گرێدرا بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی ئاسایش جێدەهێڵێتو دەبێتە سەرۆك وەزیران، "بەڵام نایەوێت ئەنجومەنەكەی لە دەست بچێت".
بەهۆی حیزبیی بوونی هێزی چەكدارو ئەمنییو هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان، كەسانی باڵادەستی ناو ئەو هێزانە پێگەی بەهێزیان دەبێت لە ناوخۆی حیزبەكانیاندا، ئەمە بەدەر لە پێگە فەرمییو حكومییەكانیان، هەربۆیە بەردەوام دانانی بەرپرسانی ئەو هێزانە بەشێكە لە ململانێی ناوخۆیی پارتیو یەكێتی كە خاوەنی ئەو دامودەزگایانەن.