حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی نەوت لەناو شارەکان چاوەڕوانی نەوتی بەغدایە

23-10-2022 07:44

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی نەوت لەناو شارەکان چاوەڕوانی نەوتە لە بەغدادەوە بگاتە دەستی.

کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەت عێراق بەڵێنی دابوو لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە دەستبکات بە ناردنی نەوت تا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، بەڵام هێشتا نەیناردووە.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت وتیشی، لە 20ی مانگەوە دەستیان بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە کە ٣٢٠ هەزار خێزان دەگرێتەوە، بۆ سەنتەری شارەکانیش چاوەڕێی  نەوتەن کە لە بەغداوە بۆیان بنێردرێت و هەرکات بگات بەنرخی خۆی دابەش دەکرێت.

ئەو نەوتەی ئێستا دابەش دەکرێت بەرمیلی بە ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینارە ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا حکومەت دەڵێت بەرمیلی ١٨٤ هەزار دینار لەسەرخۆی کەوتووە.

نەوتە سپییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان فریای ڕۆژی ڕەشی هاووڵاتییان ناكەوێت؛ پێنج زستانە ماڵی كەمینەیەك گەرم دەكات و زۆرینەش لە بازاڕی ڕەشدا دەیكڕن.

بەپێی بەدواداچونێكی پەرەگراف، لە زستانی 2018ـەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لەناو شارە گەورەكاندا، نەوتی سپی حكومییان بەرنەكەوتووە و بۆ ئەمساڵیش هیچ پلانێك نییە، تا هەموان لێی سودمەندبن.