لە هەولێر بڕینی كارەبای ماڵان لەسەر قەرزی كارەبا دەستی پێ‌ كرد

23-10-2022 10:01

پەرەگراف

بڕینی كارەبای هاووڵاتیان لەسەر قەرزی كارەبا لە هەولێر دەستی پێ‌ كرد و كارەبای ٣٠٠ هاوبەش بڕدراوە. لە سلێمانییش پرۆسەی وەرگرتنی پارەی مانگانەی كارەبا لە بەردەمی ماڵەكاندا بەردەوامە.

ئەمڕۆیش كەمال موحەممەد، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای ئیدارەی زاخۆدا وتی "ملیۆنێك ٨٠٠ هەزار بەشداربووی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەیە و بڕی ترلیۆنێك و ٢٦١ ملیار دینار قەرزی كارەبایان لەسەرە".

كەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر/٢ بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە كە "دوای ئەوەی بڕیارمان داوە كە هەر ماڵێك زیاتر لە دوو ملیۆن دینار قەرزی كارەبای لەسەر بێت كارەباكەی دەبڕین، ئەمڕۆ نزیكەی ٣٠٠ هاوبەشی ماڵان كارەبایان بڕدراوە".

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر/٢ دەشڵێت "لەو ٣٠٠ ماڵە ٢٦٠یان دوای ئەوەی قەرزەكانیان داوەتەوە، كارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە".

وەكوو كەمال عەساف باسی كردووە، ئەو ماڵانەی كە كارەبایان بڕدراوە، زۆرتر ئەوانە كە لە سیتییەكان و گەڕەكە نوێیەكان نیشتەجێن.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ‎ڕایگەیاند كە لە ڕۆژی ١٦/١٠/٢٠٢٢ لەناو شاری سلێمانی پرۆسەی وەرگرتنی پارەی كارەبا لەلایەن ژمێركارەكان (عداد) ڕاستەوخۆ لەبەردەم ماڵی هاوبەشان دەستی پێ كردووە.

كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە كردووە كە "تەنیا بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو وەردەگیرێت بۆ ئەو ماوەیەی كە لە پسوولەكەدا دیاری كراوە، بڕی قەرزیش كە لای هاوبەشانی كارەبا ماوەتەوە و نەدراوە، لە ئێستادا ڕادەگیرێت".

"لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە (كارمەندی عداد) وەردەگیرێت. بۆیە داواكارین لە هاوڵاتییان كە هاوكارێكی باشی ئەم پرۆسەیە بن كە هەم بە سوودی گشتی و هەم كەسیی ئەو هاوبەشانە تەواو دەبێت"، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی وا دەڵێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر دوێنێ‌ وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە سیستەمی پریپەید بۆ كارەبا لە هەرێمی كوردستان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی سیستەمەكە كارەبا دەكرێت بە كارت و پێشوەختە پارەكەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت. وەزارەتەكە دەڵێت "سیستەمەكە لە دوو شوێنی دهۆك جێبەجێ‌ كراوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانكارییە و چیتر پێویستیان بە موەلیدە نابێت".

* حكومەتی هەرێم كارەبا دەكات بە كارت و پێشوەختە پارەكەی لە هاووڵاتیان وەردەگرێت

لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ و ڕاگەیاندنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، كە ڕێژەیەكی زۆر لە مووچەی مووچەخۆران بڕدرا و چەندین مانگیش هیچ مووچەیەكیان پێ‌ نەدرا، هاووڵاتیانش ئامادە نەبوون پارەی خزمەتگوزارییەكان وەكوو ئاو و كارەبا بدەن، ئەمەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆری حكوومەت لای خەڵك.

لەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمدا، چەند جارێك وەزارەتی كارەبا داشكانی لەسەدا ١٥ی بۆ قەرزی كارەبا ڕاگەیاند بۆ دانەوەی قەرزەكان، ئەمەش وای كرد بەشێك لە هاووڵاتیان قەرزەكانیان بدەنەوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری ئەو قەرزانە ماوە.

چەند جارێك لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەوڵ دراوە بابەتی ئەو قەرزەی مووچەخۆران كە لای حكوومەتە، بە یاسا ڕێك بخرێتەوە، بە جۆرێك كە هاووڵاتیان بتوانن قەرزی خزمەتگوزارییەكان لەو قەرزی مووچەیە بدەنەوە كە لای حكوومەتە، بەڵام شكستی هێناوە و حكوومەت ڕەتیكردووەتەوە.