شێخ جەعفەر: ھێزێک لە ھەولێر دەوری ماڵی قوباد تاڵەبانییان گرت و هەڕەشەیان کرد

01-11-2022 10:59

پەرەگراف

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێم ڕایگەیاند، دۆخی ھەرێمی کوردستان و نێوانی پارتی و یەکێتی لە دوای شەڕی ناوخۆوە وەک ئێستا خراپ نەبووە، "گەیشتووەتە لێکترازان و لەناوقەددا یەکتر بڕینەوە"، ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە ھێزێک لە ھەولێر چوونەتەسەر ماڵی قوباد تاڵەبانی کە پێشتر پەرەگراف بڵاویکردەوە.

شێخ جەعفەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی کوردساتی حیزبەکەی، باسی لەوەکرد ئەوە هاتووە یەکێتی بە پارتی بڵێت "ستۆپ"، وتیشی "پارتی دەیەوێت یەکێتییەکی لاوازی لە بەردەستدا بێت و یەکێتیش ئەمەی قبوڵ نییە".

بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی، سازان و ھاوپەیمانێتی لە نێوان حیزبەکەی و پارتیدا نەماوە، لەبارەی کێشەکانی ئەم دواییەو جوڵەی ھێز بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی وتی "لە پایتەختدا ھێزێک کە کەس نازانێت کێیە دەچێت دەوری ماڵی سەرۆکی حکومەت دەگرێت کە یەکێک ناتوانێت لە بااڕدا دەمانچەیەکھەڵگرێت، هێزێک ئەگەر لایەنێکی بەھێز لەناو حکومەتدا لە پشتییەوە نەبێت چۆن دەتوانێت بچێت دەوری ماڵی جێگری سەرۆکی حکومەتبگرێ و ھەڕەشەی لێ بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی لەسەر دۆسیەی کوژرانی ھاوکار جاف "ئامادەیە بچێتە بەردەم لیژنەو دادگایەکی بێلایەن نەک دادگای ئەوان".

جێگری سەرۆکی ھەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ھاوپەیمانان بێزارن لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان و وتی "لاپەڕەیەکی زۆر ڕەشمان ھەیەلای ھاوپەیمانان ھەموو خراپەکارییەک لەم ھەرێمە ھەیە بەچی ئەوان لێمان ڕازی بن". وتیشی "سەرکردایەتی کورد ئەوە نابینن کە سەدام و قەزای چییان لێھات".

٢٦ی ئەم مانگە لە پێشهاتێکی نوێدا قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمی یەکێتی لە حکومەت، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و هەر هەمان ڕۆژ شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانێکی بۆلای حیزبەکان دەستپێکردو لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبووەوە تا نیگەرانییەکانیان لە پارتی بگەیەننە هەموو لایەک.

پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشکرا کرد نیگەرانی و بایکۆتی کۆبوونەوەکەی حکومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەهات شەوی پێشتر لەهەولێر لەلایەن ئەژی ئەمینەوە جوڵە بە هێزی ئەمنیی کرا بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی، ئەوەش لە کاردانەوەی هەنگاوێکی هاوشێوە لە سلێمانی کە ھێزی ئەمنیی چوونەتەسەر ماڵی ئەژی ئەمین و کەسوکارەکەی.

جوڵەی ھێز بەرەو ماڵی ئەژی ئەمین و کەسوکارەکەی دوای ئەوەھات یەکێتی بە فەرمی بڕیاری دەرکردنی ئەژی ئەمینی لە حیزبەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو لە ھەولێرەوە بەردەوامە لە کارکردن وەک سەرۆکی دەزگای زانیاریی لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم کە پۆستییەکێتییەو پارتی پشتیوانی ئەژی ئەمین دەکات نەک جەلال شێخ ناجی کە یەکێتی دایناوە لە جێگەی ئەژی ئەمین لەو پۆستەدا.

جوڵەی هێز بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی تەواوی ناوبراوی لە مەسرور بارزانی لێکەوتەوەو هۆکاری سەرەکی بوو لە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لەبەرئەوەی مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ پشتیوانیی ئەژی ئەمین دەکات بۆ بەردەوامبوونی لە ئەنجومەنی ئاسایش.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکانی یەکێتی بۆلای حیزبەکان بە پەرەگرافی وت "یەکێتی سکاڵای حاڵی خۆی لای حیزبەکان دەکات وباسی کێشەکانی لەگەڵ پارتی و دەستتێوەردانی پارتی لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ حیزبەکان دەکات".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی حیزبەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو دۆخە لە پارتی قبوڵناکات و ھەڵوێستی دەبێت تا ئاستی کشانەوە لەحکومەت".

لەبارەی ھەڵوێستی ڕاو حیزبەکان لەسەر ئەو سەردانانەی یەکێتی، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "حیزبەکان دەزانن یەکێتی دەیەوێتبەکاریان بھێنێت وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی، دەزانن ھەرکات یەکێتی لەگەڵ پارتی تێکبچێت پەنا بۆ حیزبەکان دەبات و کە لەگەڵ پارتیش ڕێکبێت حیزبەکانی دیکەی لەبیر نییە".

پەرەگراف پێشتر ئاشکرای کرد نیگەرانییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە چەند پرسێکەوە هەیە، لەوانەش دۆسیە؛ هاوکار جاف ئەفسەری پێشوویدەزگای زانیاریی یەکێتی کە بە تەقینەوە لە هەولێر کوژرا لەگەڵ مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەژی ئەمین.