حکومەتی هەرێم: زیاتر لە ٣١ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ١٥٦ هەزار خێزاندا دابەشکراوە

05-12-2022 04:10

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣١ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ١٥٦ هەزار خێزاندا دابەشکراوەو پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی حکومەت، تا ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ٣١ ملیۆن و ٢٠٧ هەزارو ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە بەسەر ١٥٦ هەزارو ٥٣٩ خێزانداو، زۆرترین ئەو خێزانانەی سوودمەندبوون لە سلێمانی و هەڵەبجە بووە، پاشان دهۆک و دواتر هەولێر.

نەوتەکەی حکومەتی هەرێم بەرمیلی بە ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار دابەشدەکرێت و، بەرزیی نرخەکەی وایکرد لە چەند ناوچەیەک ڕەتبکرێتەوەو خەڵک وەرینەگرێت.

حکومەت دەڵێت، بڕی ٧٠ ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخان کردووە و بەرمیلی ٢٨٤ هەزار دینار کەوتووەو، پاڵپشتی حکوومەت بۆ هەر بەرمیلێک دەگاتە ٦٥% و ئەوەی هاوڵاتییان دەیدەن تەنها ٣٥%ی نرخەکەیەتی.

نەوتە سپییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان فریای ڕۆژی ڕەشی هاووڵاتییان ناكەوێت؛ پێنج زستانە ماڵی كەمینەیەك گەرم دەكات و زۆرینەش لە بازاڕی ڕەشدا دەیكڕن.

بەپێی بەدواداچونێكی پەرەگراف، لە زستانی 2018ـەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لەناو شارە گەورەكاندا، نەوتی سپی حكومییان بەرنەكەوتووە و بۆ ئەمساڵیش هیچ پلانێك نییە، تا هەموان لێی سودمەندبن.