پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی گۆڕانکارییەکانی یەکتر لە پەرلەمان و حکومەت

24-12-2022 01:45

پەرەگراف

پارتی و یەکێتی دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەتەوەو ڕێککەوتوون لەسەر هەماهەنگیی نێوانیان بۆ پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی هەردوو حیزب دەیانەوێت لە پۆستە حکومیی و پەرلەمانییەکانیاندا ئەنجامی بدەن.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "دوای سەری ساڵ گۆڕانکارییەکان دەکرێن و ئەو هەماهەنگییەمان لەگەڵ پارتی هەنگاوی دیکەی بەدوادادێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان".

لەبارەی گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، سەرچاوەکە دەڵێت "ئەوە پەیوەندیی بە بڕیاری کاک قوبادەوە هەیە، بەڵام پێموانییە بگەڕێتەوە هەتا کۆبوونەوەی حیزبیی لە نێوان هەردوولا دەکرێت و بڕیار لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی یەکێتی دەدرێت".

بەپێی بڕیاری پارتی و یەکێتی هەردوو حیزب گۆڕانکاریی لە چەند پۆستێکی تیمە وەزارییەکەیان لە حکومەتی هەرێم دەکەن و لە پەرلەمانی کوردستانیش پارتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەگۆڕێت.

یەکێتی بڕیاریداوە بە گۆڕینی هەریەکە لە؛ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆو پڕکردنەوەی شوێنی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداد، بۆ ئەو پۆستانەش کاندیدی نوێی دیاریکردووەو ڕێباز بێرکۆتی دەبێتە وەزیری پێشمەرگە، سەکەوت حەسەن بۆ بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەحمەد عەسکەری دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداد.

پارتی دیموکراتیش سەرجەم ئەو بەرپرسانەی دەگۆڕێت کە لە دوای کۆنگرەی ئەو حیزبە بوونەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لە حکومەت و پەرلەمان پۆستیان هەیە، ئەوەش هەریەکە لە؛ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەو زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانان دەگرێتەوە.

ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی یەکتر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هەردوو حیزب بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان، بۆئەو مەبەستەش چاوەڕوان دەکرێت لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان هەردو حیزب ئەنجام بدرێت.

بەهۆی ناکۆکیی و نیگەرانییەکانیان لەگەڵ پارتی، قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، ١٣ی ئەم مانگەش تیمی وەزاریی پارتی و یەکێتی لە حکومەت دوو ڕاگەیەندراوی تووندیان لە دژی یەکتر بڵاوکردەوە لەبارەی پرسی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە.

لەدوای کوژرانی هاوکار جاف بە بۆمبی چێندراو لە هەولێر، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتە ئەو پەڕی گرژیی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش پەنجەی تۆمەتی بۆ بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی ڕاکێشا کە لە پشت ئەو ڕووداوەوە بن.

لەگەڵ دۆسیەی هاوکار جافدا، دۆسیەی ئەژی ئەمین کە یەکێتی لە حیزبەکەی دووریخستووەتەوەو پارتی لە هەولێر بایەخی تایبەتی پێداوە، بەشێکی دیکەن لە کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکی دیکەی نێوان حیزبەکەی و پارتی لادا کە تایبەتە بە پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی و دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێتەوەو دەڵێت: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.