حکومەتی عێراق بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد

13-03-2023 03:41

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد، بەوەش ئەو شارە دەبێتە پارێزگای ژمارە 19ـی عێراق.

پەسەندکردنی بڕیارەکە دوای ئەوەدێت وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوکردو ڕەوانەی حکومەتی عێراقی کرد کە تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بکرێتە پارێزگا.

نزیكەی نۆ ساڵە فەرمانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستانەوە دەركراوە، بەڵام لە عێراق بە رەسمی نەناسێنرا، لە رووی ئیداریشەوە هەڵەبجە بە دەست چەندین كێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت کە بوونەتە سەرچاوەی ڕەخنەو گلەیی دانیشتوانەکەی.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە پێشتر بە پەرەگرافی وت، تائێستا هەڵەبجە ژێرخانی تەواوی بە پارێزگابوونی نییەو، نزیكەی 90 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و فەرمانگەیان پێویستەو 35 بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە ماون كە بكرێنەوە، ئەوانەشی کراونەتەوە تەنیا ناوەکانیان گۆڕاوەو نە میلاكیان زیادی كردووەو نە پێداویستیی تەواویان بۆ دابین كراوە.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی، حكومەتی هەرێم تائێستاش هەندێكجار لە نووسراو و بڕیار و ڕاسپاردەكانیدا پارێزگای هەڵەبجەی لەبیر دەچێت، حكومەتی عێراقیش زۆر كەم هەڵەبجەی لەبیرە كە وەكو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بكات، تەنیا لە تابلۆی ئۆتۆمبێلدا هەڵەبجەی لەبیربووە كە ژمارەی بۆ داناوە.