حكومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت

25-03-2023 05:25

پەرەگراف

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ئاشكرای كرد كە حكومەتی عێراق هەناردەكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی كوردستان و کێڵگەکانى باکوورى كەركووكی ڕاگرتووە.

ئەو بەرپرسە بە ڕۆیتەرزی وتووە، هەناردەی نەوتەكە ئەمڕۆ ڕاگیراوە، پاش ئەوەی حكومەتی عێراق لە دادگای پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە توركیا بردووەتەوە.

شەوى ڕابردوو تورکیا بە فەرمى عێراقى ئاگادار کردووەتەوە کە پابەند دەبێت بە بڕیارەکەى دادگاى ناوبژیوانیى نێودەوڵەتیى پاریس و چیتر بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى فیدراڵیى عێراق نەوتى هەێمى کوردستان هەناردە ناکات.

* دادگای پاریس لە دژی هەرێم بڕیاری دا؛ توركیا بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە ناكات

وردەکاریى زیاتر لەبارەى ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانى تورکى بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام تورکیا لەمڕۆوە هەناردەکردنەکەى ڕاگرتووە و دیار نییە کەى دەست پێ دەکاتەوە.

وەزارەتى نەوتى عێراق لە بەیاننامەیەکدا بردنەوەى سکاڵاکەى پشتڕاست کردەوە و دەشڵێت "پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگاى ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی دەكەین و دوای ئەم بڕیارە، شێواز و میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیا تاوتوێ‌ دەكەین".

وەكوو لە بەیاننامەى وەزارەتى نەوتى عێراقدا هاتووە، سكاڵاكە لەلایەن عێراقەوە دژی توركیا تۆمار كراوە، لە بەرانبەر پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بە بۆریی هەناردەكردنی نەوتی عێراق - توركیا، كە بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت حكومەتی توركیا پابەند بێت بە ڕێنمایی و ڕێكارەكانی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت.

* وەزارەتی نەوتی عێراق بردنەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند