وەزارەتی نەوتی عێراق بردنەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند

25-03-2023 05:56

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دادگای پاریس بردووەتەوە و لەمەودوا "كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاكە لایەنی ڕێگەپێدراوە بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە".

ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "عێراق سكاڵایەكی یاسایی لە دادگای پاریس سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیاوە بردووەتەوە".

هەر ئەمڕۆ حکومەتى عێراق پشتبەست بە بڕیارەکە، هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە بەندەرى جەیهانى تورکیا ڕاگرت، تورکیاش دڵنیایى داوەتە عێراق کە پابەندى بڕیارەکە دەبێت و لەمەودوا بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى فیدراڵیى عێراق، نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە ناکات.

* دادگای پاریس لە دژی هەرێم بڕیاری دا؛ توركیا بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە ناكات

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت "پێشوازی لە بڕیارەكەی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە دادگای پاریس دەكەین و دوای ئەم بڕیارە، شێواز و میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیا تاوتوێ‌ دەكەین".

جەختیشی كردووەتەوە كە بڕیارەكە كاریگەریی لەسەر پەیوەندیی قووڵی نێوان عێراق و توركیا نابێت و بەربەست لەبەردەم پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات دروست ناكات.

وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە "كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاكە لایەنی ڕێگەپێدراوە بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە".

وەكوو لە بەیاننامەكەدا هاتووە، سكاڵاكە لەلایەن عێراقەوە دژی توركیا تۆمار كراوە، لە بەرانبەر پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بە بۆریی هەناردەكردنی نەوتی عێراق - توركیا، كە بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت حكومەتی توركیا پابەند بێت بە ڕێنمایی و ڕێكارەكانی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت.

حكومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت