پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد

03-04-2023 02:23

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كرد. پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت "پرۆژەكە دوو قۆناغی قورسی ماوە تاكو ببێتە یاسا". سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش گەشبینە كە پرۆژەیاساكە پەسەند دەكرێت و بەمزووانە هەڵەبجە دەبێتە پارێزگایەكی نوێ‌ لە عێراقدا.

پڕۆژەکە لە کۆبوونەوەی ١٣-٣-٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراقدا پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، دوای ئەوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو کرد و ڕەوانەی حکومەتی عێراقی کرد، کە تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بکرێتە پارێزگا.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی وت "سەرەڕای داواكاریى (هەندێک لە فراكسیۆن و پەرلەمانتار) بۆ ئەوەى قەزاكانی (تەلەعفەر، فاو و خورماتوو)یش لەگەڵ هەڵەبجەدا بكرێنە پارێزگا و هەموویان پێكەوە بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، بەڵام لە كۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كرا".

سۆران عومەر وتیشی "خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەكەی هەڵەبجە كراوە و ئاراستەی لیژنەی پەیوەندیدار كرا، لە خوێندنەوەی دووەمدا گفتوگۆی پرۆژەیاساكە دەكرێت، دواتریش دەنگی لەسەر دەدرێت".

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەو دوو قۆناغەی گفتوگۆ و پەسەندکردنى یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە ماون، "دوو قۆناغی قورسن"، بە تایبەت كە هەندێك قەزای دیكەش داوای بەپارێزگابوون دەكەن.

بەڵام ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت "كۆدەنگییەكی باش هەبوو لەناو سەرجەم كوتلەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران كە هەم نیسابیان نەشكاند، هەم كەسیش نیگەرانیی دەرنەبڕی".

ئامانج ڕەحیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك دەشڵێت "بە پێی بڕگەی دووەم لە بەندی ١٣٦ لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێویستە (لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان) لانی كەم پاش دوو ڕۆژ لە خوێندنەوەی یەكەم، واتە لە دوای ٤-٤-٢٠٢٣وە، هەڵبسێت بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە بە مەبەستی گفتوگۆ و دەنگدانی كۆتایی".

سەبارەت بە سنووری ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە، سۆران عومەر بە پەرەگرافی وت "لە پرۆژەیاساكەدا سنووری ئیداریی پارێزگاكە دیاری نەكراوە".

بەپێی پڕۆژەیاساكە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سنووری ئیداریی پارێزگاكە و یەكە كارگێڕییەكانی دەستنیشان دەكات.

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت "پارێزگای هەڵەبجە ئێستا لە یەك قەزا پێكدێت كە ئەویش قەزای ناوەندی هەڵەبجەیە، لەگەڵ ناحیەكانی خورماڵ، سیروان، بیارە و بەمۆ، بەڵام هیچ ڕێگرییەكی دەستووری و یاسایی لەبەردەم فراوانكردنی سنووری پارێزگاكە لە داهاتوو نییە".

نزیكەی نۆ ساڵە فەرمانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستانەوە دەركراوە، بەڵام لە عێراق بە رەسمی نەناسێنرا، لە رووی ئیداریشەوە هەڵەبجە بە دەست چەندین كێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت کە بوونەتە سەرچاوەی ڕەخنەو گلەیی دانیشتوانەکەی.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە پێشتر بە پەرەگرافی وت، تائێستا هەڵەبجە ژێرخانی تەواوی بە پارێزگابوونی نییەو، نزیكەی 90 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و فەرمانگەیان پێویستەو 35 بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە ماون كە بكرێنەوە، ئەوانەشی کراونەتەوە تەنیا ناوەکانیان گۆڕاوەو نە میلاكیان زیادی كردووەو نە پێداویستیی تەواویان بۆ دابین كراوە.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی، حكومەتی هەرێم تائێستاش هەندێكجار لە نووسراو و بڕیار و ڕاسپاردەكانیدا پارێزگای هەڵەبجەی لەبیر دەچێت، حكومەتی عێراقیش زۆر كەم هەڵەبجەی لەبیرە كە وەكو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بكات، تەنیا لە تابلۆی ئۆتۆمبێلدا هەڵەبجەی لەبیربووە كە ژمارەی بۆ داناوە.

پاش پەسەندكردنی، یاساكە ڕەوانەی سەرۆكایەتیی كۆمار دەكرێت بۆ دەرچوواندنی و لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گەشبینە كە "هەڵەبجە دوای ١٣٤ ساڵ لە تەمەنی وەك قەزا، لە ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر ئاستی عێراق دەبێت بە پارێزگا".

هەڵەبجە لە ساڵی ١٨٨٩ی زایینی لە سەردەمی عوسمانییەكاندا بووەتە قەزا و عوسمان پاشای جاف بووەتە یەكەم قایمقامی هەڵەبجە.