كەسوكاری قوربانییان ساڵیادی ئەنفالیان بە تەنیا كردەوە؛ لە حیزب و حكومەت تووڕەن

14-04-2023 03:05

پەرەگراف

كەسوكاری قوربانییان بە تەنیا 35ـەمین ساڵیادی ئەنفالیان بەرز ڕاگرت و ڕێگەیان بە بەرپرسانی حكومی و حیزبی نەدا بەشداریی مەراسیمەكان بكەن. كەسوكاری ئەنفالكراوان تووڕەن و ڕەخنەیان لە حكومەتی هەرێم هەیە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش داوای قەرەبوو و هاوكاری لە حكومەتی عێراق دەكات تا "بە شێوەیەكی باشتر" خزمەتی كەسوكاری شەهیدان بكات.

لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و گوندی دێبنە لە گەرمیان، دوو مەراسیم بەبێ‌ بەشداریی بەرپرسان لەلایەن كەسوكاری قوربانیانەوە بۆ ساڵیادی ئەنفال ڕێك خران. لە گوندی دێبنە كەسوكاری شەهیدان ڕێگایان بە ڕووی بەرپرسانی حكومی و حیزبیدا داخست بچنە مەراسیمەكە، لە چەمچەماڵیش كەسوكاری ئەنفالكراوان وتیان "نامان هێشتووە یەك بەرپرسی حكومی و حیزبی بەشداری بكات".

كەسوكاری ئەنفالكراوان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن "لە كاتێكدا 35ـەمین ساڵیادی ئەنفال دەكەینەوە كە هێشتا بەشێكی زۆر لە ڕووفاتی قوربانییان نەگەڕێندراونەتەوە، بەشێكی زۆری گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵنەدراونەتەوە و فەرامۆش كراون".

هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە "كەسوكاری ئەنفالكراوان لە دۆخێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن و لە سادەترین پێداویستییەكانی ژیان بێبەش كراون".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بۆ ساڵیادی ئەنفال دەڵێت "بە دڵێكی پڕ لە خەم و كۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوە بەدناوەكانی (ئەنفال) دەكەینەوە، كە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان".

مەسروور بارزانی لە بەشێكی پەیامەكەیدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات "ئەرك و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات و زیانلێكەوتووان و بنەماڵە و كەسوكاری ستەملێكراوی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەكی شایستە قەرەبوو بكاتەوە". هەروەها داوا دەكات كە بەغدا "هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر بتوانێت خزمەتی كەسوكاری شەهیدان بكات".

یەكێك لەو كەسانەی لە گوندی دێبنە ڕێگریی لێ‌ كرا، محەمەد حاجی مەحموود، سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بوو. كەسوكاری قوربانییان ڕەخنەیان لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و برای سكرتێری سۆسیالست هەبوو كە خزمەتی كەسوكاری قوربانییانی نەكردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵى ڕابردوویش كەسوكاری ئەنفالكراوان بە ناڕەزایی و توڕەییەكی زۆرەوە وەزیری شەهیدانیان لە مەراسیمی ساڵیادی ئەنفال دەركرد و ڕێگەیان نەدا وتارپێشكەش بكات.

یەكێك لە كەسوكاری قوربانییان وتی "پاش 35 ساڵ لە تاوانی ئەنفال، دایكم كە هاوسەرەكەی ئەنفال كراوە، سەعات سێی شەو لە شیرینیی خەودا هەڵمساندووە بردوومە بۆ بەردەم وەزارەتی شەهیدان لە هەولێر، بە وەزیری شەهیدانم وتووە با دایكم بێتە ژوورەوە، وەزیر وتوویەتی: بۆیان نییە بێنە ناو حەوشەكەشەوە".

بەشێك لە كەسوكاری قوربانییان وتیان "كوڕی جاش و ئەنفالچی لە وەزارەتی شەهیداندا دەوام دەكات، بەڵام منداڵكی كەسوكاری قوربانیان دانامەزرێنن".

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش لە بەیاننامەیەكدا جەخت دەكاتەوە كە "بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ زیاتر ناساندنی كەیسە جیاوازەكانی جینۆساید كە دەرهەق بە گەل و خاك و ژینگەی كوردستان كراوە"، هاوكات دەڵێت "هەموو توانا و هەوڵەكانیشمان دەخەینەگەڕ كە خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بكەین".

لە ساڵیادەكەی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، كەسوكاری ئەنفالكراوان ژمارەیەك داواكارییان خستە ڕوو كە سەرەكیترینیان "هێنانەوەی ڕووفاتەكان، قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان، دادگاییكردنی جاش و مستەشارەكان، دامەزارندنی كچ و كوڕانی كەسوكاری قوربانییان، كردنەوەی تاقیگەی پزیشكیی دی ئێن ئەی" بوون.

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتن لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە بەڵگە و وتەی شایەدحاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، پڕۆسەكانی شاڵاوی (ئەنفال)ی بە جینۆساید ناساند و بڕیاری بە سزا گەیاندنی ئەنجامدەرانیشی دا.

وەزارەتی شەهیدانیش داوا لە حكومەتی عێراق دەكات كە "چیدی پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستوورییەی خۆی هەستێت".

* ئەنفالكراوان؛ لە غەریبیدا كۆمەڵكوژكران‌ و بەر لە ناسینەوە دەخرێنەوە ژێرگڵ

* 30 ساڵ لە چاوەڕوانيی هاوژینەكەیدا؛ ئەنفال، برینێكی ساڕێژ نەبووە

* جەلەمۆرد؛ ئەو گوندەی بەعس نزیكەی هەموو دانیشتوانەكەی ئەنفال كرد

* دوائومێدی تاقانەكانی ئەنفال؛ دەیانەوێت تا لەژیاندا ماون نمونەی دی ئێن ئەی یان لێوەربگیرێت