بەبێ واژۆی ڕێواز فایەق؛ پەرلەمان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بۆ بەرنامەی کاری سبەینێی زیاد کرد

21-05-2023 03:52

پەرەگراف

پەرلەمانی کوردستان بە واژۆی جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەنگدان لەسەر پاڵێوراوان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی بۆ بەرنامەی کاری سبەینێی خۆی زیاد کرد.

ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان کە یەکێتییە واژۆی لەسەر زیادکردنی ئەو بڕگەیە نەکردووە بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان، ئەوەش بەهۆی ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن.

زیادکردنی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ بەرنامەی کاری سبەینێی پەرلەمان داواکاریی فراکسیۆنی پارتی بوو کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان کرد، فراکسیۆنەکە داوایشی کرد هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش بخرێتە هەمان بەرنامەی کارەوە بەڵام ئەمەیان زیاد نەکراوە.

ئەو هەنگاوەی پەرلەمان لەکاتێکدایە هێشتا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی هەڵبژاردن، ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبە بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکەیان، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، قسە لەسەر چەند دۆسیەیەک کراوە لەوانەش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەکاتی خۆیدا، "لێكتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەكان هەبوون".

پەرەگراف پێشتر بڵاویکردەوە، ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێکیهێنا کارەکانی تەواو کردووە و سی ڤی كاندیدەكانی بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە.

عەباس فەتاح، نوێنەری یەكێتییە لەو لیژنەیەدا و بۆ پەرەگراف ئەوەی رونكردەوە لە کۆی 87 سی ڤی، تەنیا 35 دانەیان مەرجەکانیان تێدا نەبووە کە داوایانکردوە، ئەوانیتر بە نووسراوێک ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراون.

لیژنەکەی پەرلەمانی کوردستان جگە لە عەباس تۆفیق هەریەك لە بژار كۆچه‌ر، نوێنه‌ری پارتی و به‌ڵێن ئیسماعیل، نوێنه‌رى گۆڕان و روبینه‌ ئوملیك، نوێنه‌رى مەسیحییەکان و سارا دڵشاد چاوشلی، وه‌ك نوێنه‌رى توركمانی تێدایە.

"کەی لایەنە سیاسییەکان کۆک بوون لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەوکات پەرلەمان دانیشتن لەسەر ئەو پرسە دەکات" عەباس فەتاح وای وت.

نوێنەرەكەی یەكێتی وتیشی، پارتی و یەکێتی رێکكەوتن کۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر کاراکردنەوەی كۆمسیۆن نەکرێت، تا دەگەنە رێکكەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن بە گشتی.