حكومەتی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدات لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر

04-05-2020 10:13

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم دەڵێت، دوای چەندین جار ئاگادار كردنەوەی لەلایەن داواكاری گشتییەوە، سۆران عومەر هیچ بەڵگەیەكی پێشكەش نەكردووە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووەو "خۆی دەدزێتەوە".

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەت لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوەش دەكات، سەرۆكی حكومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر "ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێك لە پەرلەمانتاران"، دەڵێت"بەڵام خەریكە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەك كە لە پەنای كاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەكرێت".

وەك ئاماژەیەك بۆ سووربوون لەسەر سكاڵاو ڕێكارە یاساییەكان لە دژی سۆران عومەر، فەرمانگەكە باسلەوە دەكات هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی یاسایی و مەدەنییە.

ئەو ڕوونكردنەوەیە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە لەبارەی هەوڵەكانی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتارو ڕەوانەكردنیان بۆ دادگا، سەرۆكی حكومەت لەژێر فشاردایە تا كابینەكەی هەنگاوێكی لەوجۆرە نەنێت بەتایبەت لە دژی سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی.

روونكردنەوەیەك لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمای ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد. سەرۆكی داواكاری گشتی داوای كردووە كە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەكانی، رادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بكات و راستی تۆمەتەكانی بسەلمێنێ، ئەگینا تۆمەتەكانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە. بەڵام دوای چەندین جار ئاگادار كردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەكی لەسەر تۆمەتەكانی پێشكەش نەكردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێكارەكان بگیرێتەبەر تا راستییەكان روون ببنەوە و سنوورێكیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت.

خەڵكی كوردستان دەزانن سەرۆكی حكومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێك لە پەرلەمانتاران، بەلام خەریكە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەك كە لە پەنای كاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەكرێت.

بۆ ئاگاداری هەموو لایەكیش بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی یاسایی و مەدەنییە و هەر كاتێك پەرلەمانتار یاسا پێشێل بكات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ماددە ( ٢٤ ) پارێزبەندیی لە سەر هەڵدەگیرێت تاكو دادگا بتوانێت لە رووی یاساییەوە رێكار و رێچكەی خۆی بگرێتەبەر و كەسی پێشێلكار ڕووبەرووی یاسا بكرێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠٢٠/٥/٤