سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی سەبارەت بە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

22-05-2023 05:20

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی سەبارەت بە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ وەڵامی یەكتر دەدەنەوە. سەرۆكی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت دەرئەنجامی درێژەدان بە دانیشتنەكە "بەهای یاسایی و پەیڕەوی"ی نییە، بەڵام جێگرەكەی دەڵێت "هەموو دەرئەنجامەكانی بەهای یاسایی و پەیڕەویی دەبێت".

پاش كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان و ئەو گرژییەی لێی كەوتەوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ڕاگەیەندراوێك "دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕایگشتی" ئاگادار دەكاتەوە كە دەرئەنجامی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای دواخستنی، "بەهای یاسایی نییە". دەشڵێت "هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە".

لە وەڵامیشدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، بۆیە هەموو دەرەنجامەكانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ بەهای یاسایی و پەیڕەوییان دەبێت".

ئەم ڕاگەیەندراوانەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگرەكەی پاش ئەوە هات كە ڕێواز فایەق ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی "بۆ كاتێكی نادیار" دواخست، بەڵام فراكسیۆنی پارتی لە ڕێگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە درێژەی بە كۆبوونەوەكە دا و دەڵێت "بە دەنگی 58 ئەندامی پەرلەمان" كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارا كردووەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە (٤)ی رۆژی دووشەممە ٢٢/٥/٢٠٢٣ كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (١٨) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوەو تێیدا هاتووە (كردنەوەی خول و دانیشتنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیكردنیان، كۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانكردنی كاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوە دواخراوەو كۆتایی پێهات، لێرەوە رایدەگەینین:

یەكەم: هیچ دەرئەنجامێكی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت.

دووەم: بەپێی بڕگەی (١١)ی ماددەی (١٨) دەسەڵاتی واژووكردنی سەرجەم نووسراوەكانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان دایەو بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەكەسی تر نەداوە مومارەسەی بكات، بۆیە هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هیچ بەهایەكی یاسایی نییە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

دەقی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

بەر مەبنای دانیشتنی ئاسایی ژمارە (4)ـی ڕۆژی دووشەممە 22-5-2023 كە سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕگەی یەكەم لە ماددەی (19)ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە "پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا" سەرۆكایەتی دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوەی كرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەكان دانیشتنەكەی بەڕێوە برد.

بەو پێیەی كە دانیشتن دەستی پێكردبوو، نیسابی یاسایی دەستەبەر بوو، بەرنامەی كار تەواو یاسایی و پەیڕەویی بوو، بۆیە لەو كاتەدا دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان نییە كە بە لێكدانەوەی نایاسایی و ناپەیڕەوی پشت بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (18)ـی پەیڕەو ببەستێت و دانیشتنەكە دوا بخات. بەڵكو لەمبارەدا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوو، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:

یەكەم: هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت.

دووەم: لەبەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی (1)ـی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت و پێویستی بەهیچ تەفویزێك نییە. بۆیە هەموو نووسراوێك كە بە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دەرەنجامەكانی دانیشتنی ژمارە (4)ـی ڕێكەوت 22-5-2023 بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان