وەقایعی كوردستان بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی بڵاو كردەوە؛ یەكێتی بڕیارەكە ڕەت دەكاتەوە

23-05-2023 09:02

پەرەگراف

ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان كە ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی كوردستانە و وەزارەتی داد دەری دەكات، بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بڵاو كردەوە. یەكێتیش كاراكردنەوەی كۆمسیۆن "بەبێ سازانی لایەنەكان و بە ‌ناپەیڕەویی لە پەرلەمان"، ڕەت دەكاتەوە و پێشنیاری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەخاتە ڕوو.

لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڕیاری ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٢٣ی پەرلەمانی كوردستان كە واژووی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی لەسەرە، بڵاو كراوەتەوە كە لە سێ‌ خاڵ پێك هاتووە.

لە خاڵی یەكەمدا بڕیار دراوە بە بەردەوامبوونی حەوت ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، لە خاڵی دووەمیشدا دوو ئەندامی نوێی بۆ جێگرتنەوەی دوو ئەندامی ڕۆیشتوو دیاری كردووە.

لە خاڵی سێیەمی بڕیارەكەدا هاتووە "ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە كاری پێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كورستان بڵاو دەكرێتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی هەرێم بە پەرەگرافی وت، بەیانیی ئەمڕۆ نووسراوی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن لە پەرلەمانەوە گەیشتووەتە دەستیان. بە وتەی سەرچاوەكە "كۆمسیۆن كار بەو بڕیارە دەكات و دەست دەكات بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا كە ١٨-١١-٢٠٢٣ یە".

یەكێتی دان بە كۆمسیۆنەكەی هەرێمدا نانێت و ماڵپەڕی (پی یو كەی میدیا) كە زمانحاڵی ئەو حیزبەیە، لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت "كۆمیسیۆنی عێراق دەتوانێت جێگەی كۆمیسیۆنە بەسەرچووەكەی هەرێم بگرێتەوە".

میدیای فەرمیی یەكێتی دەشڵێت "كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەبێ سازانی لایەنەكان و بە ‌ناپەیڕەوی لە پەرلەمان، نایاساییە و هیچ دەسەڵاتێكی نابێت و دانی پێدا دانانرێت".

پی یو كەی میدیا لە زاری عەلی تەمیمی، پسپۆڕ‌ی یاسایی عێراقییەوە دەڵێت "بەپێی یاسا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەتوانێت هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕ‌ێوە ببات و كۆمسیۆنەكەی هەرێم بەپێی یاسا تەمەنی تەواو بووە و پەكی كەوتووە".

ئەو پسپۆڕە عێراقییە پێی وایە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەتوانێت "زیاتر لە كۆمسیۆنەكەی هەرێم ڕووی دیموكراسیی هەڵبژاردن بپارێزێت و هەڵبژاردنێكی پاك بەڕ‌ێوە بەرێت".

ئەوە لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ئامادەیی دەربڕیوە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات و دەڵێت، بەپێی یاسا دەتوانن لە سەرتاسەری عێراق هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

سەرباری فشارە ناوخۆییەكان، وڵاتانی ڕۆژئاواش چەندینجار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان كردووە لە وادەی خۆیدا، ١٦ی ئەم مانگەیش كونسوڵ و نێردەی دیبلۆماسیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیامێكی هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كرد هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.