ئەنجوومەنی دادوەری 'بەبێ ئامادەبوونی ڕێژەی یاسایی' كۆبووەوە بۆ سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران
پەرەگراف
ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم بە ئامادەبوونی پێنج ئەندام كۆبووەوە و دوو ئەندامە تازەكەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران سوێندی یاساییان خوارد. میدیای یەكێتی دەڵێت "ئەنجوومەنی دادوەری بە بڕیاری حزب و بەبێ نیسابی یاسایی كۆبووەتەوە". بەپێی یاسا دەبێت سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجوومەنەكە كە دەكاتە شەش ئەندام لە کۆی ٨ ئەندام، لە كۆبوونەوەكاندا ئامادە بن.
بەپێی كۆنووسی كۆبوونەوەكە، ئەنجوومەنی دادوەری بەمەبەستی سوێندخواردنی هەریەك لە (عەلی ساڵح مەحموود و كامەران نەشئەت بەكر) ئەندامانی نوێی پارتی و پێکهاتەکان لە ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كۆبووەتەوە و دوو ئەندامەكە سوێندی یاساییان خواردووە.
كۆنووسی كۆبوونەوەكە واژووی پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی دادوەریی لەسەرە و سێ ئەندامەكەی دیكە بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكردووە.
لە بڕگەی دووەم لە ماددەی 33ی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان، ژمارە 27ی ساڵی 2007دا هاتووە "ئەگەر سەرۆك یان ئەوەی كە نوێنەرایەتیی دەكات و بە لای كەمەوە سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجوومەنەكە ئامادە نەبوو، كۆبوونەوەی نابەسترێ".
میدیای یەكێتی دەڵێت "كۆبوونەوەكە نیسابی یاسایی نەبووە و ئەنجامدانیشی پێشێلكردنی یاسا و بێئەرزشكردنی دامەزراوەكەیە بە بڕیاری حزب".
دوێنێ ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جارێكی دیكە بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی بە "نایاسایی و ناپەیڕەوی" ناو برد. لە كۆبوونەوەكەی ٢٢ی ئایاری پەرلەماندا پارتی و پێكهاتەكان و چەند حیزبێكی دیكە كۆمسیۆنیان كارا كردەوە و شوێنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانیان پڕكردەوە، هەرچەندە یەكێتی و حیزبەكانی دیكە دانی پێدا نانێن.
سەرۆكی پەرلەمان وتیشی "داواكارم ئەنجوومەنی دادوەری ڕۆڵی یاسایی و ئەخلاقی و پیشەیی خۆی ببینێت و نەبێتە بەشێك لە پڕۆسەیەكی نایاسایی كە بەڕێوە دەچێت، چونكە یەكێتی بژاردەی دیكەی هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو مەهزەلەیە".