ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم: محەمەد میرزا لەلایەن گرووپێكی ‏پەكەكەوە تیرۆر كراوە

29-07-2023 12:39

پەرەگراف

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە ‏كوژرانی عەمید محەمەد میرزای ڕاگەیاند و دەڵێت "لە ڕێگەی ‏بۆمبێكی لكێنراوەوە لەلایەن گرووپێكی پەكەكەوە تیرۆر كراوە".‏

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ‏وردەكاریی ڕووداوەكەی بە ڤیدیۆ خستووەتە ڕوو و دەڵێت "گرووپەكە ‏لە بەرەبەیانی 23ی تەمووز هاتوونەتە ناو زاخۆ و لە ڕێگەی ‏ئۆتۆمبێلی هۆندای تێكسۆنی ڕەنگ سپی، چاودێریی ماڵ و ئۆتۆمبێلی ‏محەمەد میرزا دەكەن".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو كەسانە "بە ژمارە ‏ئۆتۆمبێلی ساختە و دوور لە چاوی كامێراكان لە ڕێگەیەكی ‏لاوەكییەوە هاتوونەتە ناو شاری زاخۆ". دواتر "لە كاتژمێر چواری ‏بەرەبەیان بۆمبێكی لكێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەی عەمید محەمەد میرزاوە ‏دەبەستن".‏

ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت "لە كاتژمێر 7:49 خولەكی هەمان ‏ڕۆژ، لە شەقامێكی گشتی لە زاخۆ، لە ڕێگەی ڕیمۆت كۆنترۆڵەوە ‏بۆمبەكە دەتەقێنرێتەوە".‏

شەوی 23-7-2023، لە شەقامێكی گشتیی زاخۆدا ئۆتۆمبێلی محەمەد ‏میرزا یونسی 56 ساڵ و ‏بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی لە ‏زاخۆ، سووتا و خۆیشی گیانی لەدەست دا.‏

ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت دەكاتەوە كە "دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە ‏لەلایەن تیمەكانمانەوە، بەڵگەی پێویست لەبارەی ئەو كەس و گرووپەی ‏تیرۆریستییەی بەم كردەوە تیرۆریستییە هەڵساون و لەلایەن پەكەكەوە ‏نێردراون، لەبەردەستدایە".‏

لە ڕاگەیەندراوەكەدا دەستگیركردنی هیچ تۆمەتبارێك ڕانەگەیەندراوە ‏و ناسنامەی هیچ تۆمەتبارێكیش ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئەنجوومەنی ‏ئاسایش دەڵێت "بكەرانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە لە هەركوێیەك بن، ‏باجی ئەم كردەوە ترسنۆكانەیان دەدەن و لەو بارەیەشەوە ڕێوشوێنی ‏گونجاو گیراوەتە بەر".‏

‏"زانیاریی تەواومان هەبوو كە لە ماوەی ڕابردوودا سەركردایەتیی ‏پەكەكە پیلانیان بۆ بەئامانجگرتنی ژمارەیەك لە ئەفسەرانی ‏دەزگاكانی ئاسایشی هەرێم و هێزە سەربازییەكانی دیكە داڕشتبوو"، ‏ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.‏

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دەشڵێت "پەكەكە بەمەبەستی ‏جێبەجێكردنی پیلانەكانی چەندین مەفرەزەی خۆی ڕاسپاردووە و ‏ڕاهێنانیان لەسەر دروستكردن، دانان و لكاندنی بۆمب پێ‌ كردوون، ‏هەوڵی دەربازبوونیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان داوە".‏

پێشتر مەسروور بارزانی لە پرسەنامەیەكدا كە ئاراستەی بنەماڵەی (محەمەد میرزا یونس)ی ‏كرد، ‏ڕووداوی سووتاندنی ئۆتۆمبێلەكەی و گیانلەدەستدانی بە "تەقینەوە" ناو برد ‏و وتی "دامودەزگا ‏پەیوەندیدارەكانم ڕاسپاردووە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەم ڕووداوە ‏بكەن و ئەو دەستانە ئاشكرا ‏بكەن كە لە پشت ئەم تاوانەوەن".‏