سبەینێ وادەکەی ئێران بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵات کۆتایی دێت و شاندێکی باڵای عێراق گەیشتە هەولێر
پەرەگراف
سبەینێ ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران دیاری کردووە بۆ لەچەکداماڵین و کەمپنشینکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، تاران سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەو شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراقیش بۆ هەمان مەبەست لە هەولێرن.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سبەی دواین رۆژی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقەو چاوەڕوان دەکەن حکومەتی عێراق وەکو خۆی جێبەجێی بکات.
کەنعانی جەختی کردەوە کە بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان "پێچەوانەی ئاسایشی سنووریی نێوان هەردوو وڵاتە."
هاوکات هەر ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق بە سەرۆکایەتیى شاندێکى سەربازى و ئەمنى گەیشتە هەولێر بۆ بەدواداچوونی رێکارەکانى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنیى عێراق و ئێران لەبارەى ئاسایشى سنوور.
ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیانە لە کەمپدا.
ئێستا گەرمترین و گرنگترین دۆسیە لای ئێران، ئەو ڕێکەوتننامە ئەمنییەیە کە ئێران بە شێوەیەکی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵە بۆ زوو جێبەجێکردنی.
هاوکاتی هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە، ئێران جووڵەی بە هێز بە ئاراستەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر لەلایەن هەرێم و عێراقەوە ڕێگری لەو هەڕەشانە نەكرێت كە ڕووبەڕووی ناوچە سنوورییەكانی وڵاتەكەی دەبنەوەو ڕێککەوتنی ئەمنیی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا هێرشی زەمینی بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم دەستپێدەكات.
پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج.
بەدواداچوونێکی پەرەگراف لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران و ڕێککەوتنی ئەمنیی