قوباد تاڵەبانی و مەسروور بارزانی لەسەر دانانی وەزیری پێشمەرگە ناكۆكن؛ كاندیدەكان كێن؟

پەرەگراف
سەرەڕای فشار و هۆشدارییەكانی هاوپەیمانان، مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر دانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ناكۆكن، ئەمڕۆیش ناكۆكییەكانیان بە ئاشكرا لای فەرماندەی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا باس كردووە. سەرۆكی حكومەت ئەو كاندیدە ڕەت دەكاتەوە كە جێگرەكەی پێشنیاری كردووە و كەسێكی دیكەی بۆ ئەو پۆستە پێشنیار كردووە، یەكێتیش ڕەتی دەكاتەوە بەوە ڕازی بێت.
ناكۆكییەكانی مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بە تەواوی ئاشكرا بوو، قوباد تاڵەبانی داوای كردووە كاندیدە پێشنیاركراوەكەی پەسەند بكرێت، بەڵام مەسروور بارزانی پێی وایە ئەو كەسە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتەكەی نییە و داوا دەكات ڕێگریی لێ نەكرێت لەوەی كاندیدەكەی خۆی دابنێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتیی نیشتمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "مەسروور بارزانی پێشنیاری كردووە ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا لە پشكی یەكێتی، بە وەكالەت بكرێت بە وەزیری پێشمەرگە". هاوكات سەرچاوەیەكی دیكە دەڵێت "حەمەی حەمەسەعید كە وەزیری ڕۆشنبیرییە لە پشكی یەكێتی، لەلایەن مەسروور بارزانییەوە بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت پێشنیار كراوە".
بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، بەڵام یەكێتی و بە تایبەتیش قوباد تاڵەبانی، پێشنیاری دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانیان بۆ ئەو پۆستە كردووە، ئەم پێشنیارەش دراوە بە مەسروور بارزانی، بەڵام ڕەتی كردووەتەوە و داوای كردووە پێشنیارەكەی ئەو پەسەند بكرێت.
"قوباد تاڵەبانی سوورە لەسەر ئەوەی كە دارا ڕەشید بكرێت بە وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و داوایشی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە كە پەسەندی بكات، لەبەر ئەوەی ئەو پۆستە هی یەكێتییە و مافی خۆیەتی كێ كاندید دەكات، هەروەك چۆن پارتی كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای كردووە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت"، ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی وای وت.
ناكۆكییەكان لەسەر دانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام بووە، لە دوای هۆشداریی هاوپەیمانانیش بە ڕاگرتنی هاوكارییەكانیان ئەگەر وەزیری پێشمەرگە دانەنرێت و لەمپەرەكانی بەردەم چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لانەبرێن، پارتی و یەكێتی بە تایبەتیش قوباد تاڵەبانی و مەسروور بارزانی، نەیانتوانیوە لەوبارەیەوە ڕێك بكەون، ئەمڕۆیش ناكۆكییەكان بە ڕوونی دەركەوتن.
ئەمڕۆ لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند "پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران نەكرێت لە دانانی وەزیرێك كە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەبێت".
ئەم قسەیەی مەسروور بارزانی پاش ئەوە هات كە لە كۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی دەستبەكاربوونی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت".
قوباد تاڵەبانی داوای كردووە ڕێوشوێنەكانی دەستبەكاربوونی ئەو كاندیدەی بۆ وەزیری پێشمەرگە پێشنیازیان كردووە، بە خێرایی تەواو بكرێت، تا "جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەوێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی". دەشڵێت "بەبێ بوونی وەزیری پێشمەرگە، ناتوانرێت پرۆسەی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت".
پاش نزیكەی ساڵێك لە وازهێنانی وەزیری پێشمەرگە لە پۆستەكەی، مانگێك لەمەوبەر فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێم لە بڕینی هاوكارییەكان و وتیشی "لە كاتێكدا هەنگاو بەرەو هەڵسەنگاندنی ساڵانە دەنێین، چاوەڕوانیمان لە حكومەتی هەرێم هەیە وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێت، وەكوو نیازپاكی و پابەندییان بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە هەر چاكسازییەك پێویستی بە ڕابەرێكە".
ڕۆژی 20-8-2023، مات مەكفارلەین، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی دژی داعش لە عێراق و سووریا كە لە كۆتایی ئەركەكەیدا بوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتی "ئەگەر نەتوانێت پابەندییەكانی بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی یاداشتنامەكە جێبەجێ بكات، دەبێتە هۆی ئەوەی كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا نەتوانێت بەردەوام بێت لە پێشكەشەكردنی پشتیوانییە سەربازی و ئەمنییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە".
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، لە دەوروبەری مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە وازی لە پۆستەكەی هێناوە و نەگەڕاوەتەوە وەزارەت، ئەوەش لە بەرانبەر دەستوەردانی پارتی و یەكێتی لە وەزارەتەكەیدا و لەمپەر دروستكردنیان بۆ هەنگاوەكانی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.
ڕۆژی 22-5-2022، وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم، هۆشداری دایە پارتی و یەكێتی و داوای هەڵگرتنی "هێڵی سوور"ی بەردەم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كرد. وتیشی "هاوپەیمانان تێبینییان لەسەر كەلێنەكانی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە".
لە ڕێوڕەسمی پێدانی بڕوانامەی دەرچوون بە ئەفسەرانی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، ئامادەی بوو، شۆڕش ئیسماعیل ڕایشیگەیاند "مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە هەڵكشانن و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان پێوستمان بە هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو و سەربەخۆ هەیە. تا ئێستا كاتمان زۆر لەدەست داوە و چیتر كاتكوشتن لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستان نییە".
* هاوپەیمانان ئاسنی سارد دەکووتن؛ 'لەسەدا یەکیش ئومێد نییە کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتیمانی'