ئاڵتونەكەی پەكەكە دەركەوتەوە

11-05-2019 03:56
ڕەزا ئاڵتون لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی میدیا هابەر.


پەرەگراف

ڕەزا ئاڵتون، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنییدا دەركەوت‌و هەواڵی پێكرانی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بە درۆ خستەوە كە پێشتر دەوڵەتی توركیا ئەو پڕوپاگەندەیەی كردبوو.

دەركەوتنی ئەو ئەندامەی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە(چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە)، دوای ئەوەدێت كۆتایی مانگی 3ی ئەمساڵ، ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچە فەرمیی توركیا لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیەوە ئەوەی بڵاوكردەوە كە لە ڕۆژی نەورۆزدا(21-3-2019) ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی هەواڵگری‌و سوپایی وڵاتەكەیان لە قەندیل ئەنجامدراوەو چەند بەرپرسێكی باڵای پەكەكە كراونەتە ئامانج كە كوژراو و برینداریان تێدایە‌و ناوی ڕەزا ئاڵتونی بە جۆرێك هێنانبوو كە "بەسەختی بریندار كراوەو چارەنوسی نادیارە".

لە یەكەم دەركەوتنی دوای ئەو هەواڵەی میدیای توركیا، شەوی ڕابردوو چاوپێكەوتنێكی دورودرێژی ڕەزا ئاڵتون لە كەناڵی میدیا هابەری نزیك لە پەكەكە بڵاوكرایەوە، ئاڵتون لە چاوپێكەوتنەكەدا هەواڵی كرانە ئامانجی لەلایەن توركیاوە بە "پڕووپاگەندەی شەڕی تایبەت" لە قەڵەم دەدات‌و داوادەكات، "گەلەكەمان باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە نەكەن".

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، لە هەواڵەكەیدا ئەوەی بڵاوكردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هەریەكە لە؛ میكایل ئۆزدەمیر ناسراو بە ناودار، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە‌و ئەمروڵڵا دورسون ناسراو بە سەرحەت ڤارتۆ، گوتەبێژی كەجەكە-چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە-‌و عەلی ئاكتاش ناسراو بە سینان سۆر بەرپرسی ناوچەی قەندیلی پەكەكە، "لە چالاكی خراون"، (توركیا ئەم دەستەواژەیە بۆ كوژراو بەكاردەهێنێت).

پەكەكە هیچ زانیاریی‌و لێدوانێكی دەربارەی ئەو هەواڵە بڵاونەكردەوەو ئەو بەرپرسانەی پەكەكەش كە ناویان هاتووە لەو كاتەوە دەرنەكەوتوون، تا شەوی ڕابردوو ڕەزا ئاڵتون دەركەوت، ئاڵتون دەڵێت "ڕاستە لە 21ی ئازاری ئەمساڵدا هێرشی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركەوە پێكهات، بەڵام من لەو شوێنە نەبووم كە بۆردومانەكەی لێ ئەنجامدرا، لەگەڵ ئەوەی كە لەوێش نەبوم، ناوی منیان كردبووە ئامانج".

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا چۆن ئەنجامدراوە؟

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) بەوە دەزانێت كە ڕەزا ئاڵتون، بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە ناوچەیەكی نزیك سنووری ئێران لە قەندیل ئەنجام بدات، دەست بە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنەكە كراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا چاودێری خراوەتەسەر سەرجەم ئەو ڕێگەو ئۆتۆمبێلانەی كە ڕەنگە ڕەزا ئاڵتون بەكاری بهێنێت.

پاشان لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (بەیرەقدار تی بی-٢) ئەوە دەستنیشان كراوە كە ڕەزا ئاڵتون بە یاوەریی هەریەك لە میكایل ئۆزدەمیرو ئەمروڵڵا دورسون، چوونەتە گوندی ئەبوبەكرەی سەر سنووری ئێران لە قەندیل. دواتر فڕۆكە جەنگییەكان لە جۆری ئێف-١٦ی سوپای توركیا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی، ئامادەكاریی پێویستیان ئەنجام داوە.

دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكان، لە كاتی نیوەڕۆی ٢١ی ئادار، "ئەو هەماهەنگییە هەستیارەی میت دیاریكردبوو بە تەواوی لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا پێكرا."

ئەنادۆڵ دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا "گورزێكی گەورە" بەر ئەو ئەندامانەی پەكەكە كەوتووە كە پەیوەندییەكانی ئەو پارتە لە ناوچەكە بەڕێوەدەبەن، هاوكات ئۆپەراسیۆنەكە بە ناردنی پەیام بۆ كاراكتەرەكانی ناوچەكە لێك دەداتەوە. بەڵام شەوی ڕابردوو ئاڵتون بە درۆی خستەوە ئەو لەو شوێنەدا بووبێت كە بۆردومانەكەی تێدا ئەنجام دراوە.