وەزیری دارایی: لە سبەینێوە ڕێكارەكانی دابەشكردنی مووچە دەست پێ دەكەن

24-01-2024 03:54

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند "وا بڕیارە لە سبەینێوە ڕێكارەكانی دابەشكردنی مووچە دەست پێ بكەن".

ئەمە لە كاتێكدایە كە هێشتا وادەی ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە نادیارە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیدا ڕاستەوخۆ مووچە دابەش دەكرێت و وەزارەتی دارایی هەرێمیش داوای ناردنی لیستی مووچەی لە وەزارەت و دامودەزگاكان كردووە وەك ئامادەكارییەك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك.

ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، لەگەڵ هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی (هەژماری من) لە سلێمانی كۆبووەتەوە. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا "وەزیری دارایی هەوڵەكانی وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دابینكردنی بودجە و مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و وا بڕیارە لە سبەینێوە ڕێكارەكانی دابەشكردنی مووچە دەست پێ بكەن".

دوێنێ‌ 23-1-2024، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پەرەگرافی وت "هیچ وادەیەك بۆ ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەكە لە بەغداوە دیار نییە و چاوەڕێین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەكە ڕەوانە بكات".

سەرچاوەكە وتیشی "خشتەی دابەشكردنی مووچە ئامادەیە و لەبەرئەوەی پارەكەی بەغداد بەشی تەواوی مووچە ناكات، ئامادەكاریی كراوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگی یەك و لەگەڵ گەیشتنی پارەكەدا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت".

هاوكات وەزارەتی دارایی هەرێم بە نووسراوی فەرمی داوای لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری و گەنجینەكان كردووە لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی یەك بنێرن و مانگانەش لە كاتی خۆیدا و بەر لە ٥ـی مانگ لیستی مووچە ڕەوانە بكەن.

ئەوەش دوای ئەوەدێت ناوەڕاستی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق هاوشێوەی دامودەزگاكانی دیكەی وڵات، داوای ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی لە وەزارەتی دارایی هەرێم كرد، پاش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی عێراق.

بڕیارە ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە مانگانە بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت لە هەموارەكەدا پشكی مووچەی هەرێم بە ٦١٨ ملیار دیناری مانگانە دیاری بكرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو داتایانەی لەلای دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و حكومەتی عێراقە.

ئامانج لە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە كە یەكێكە لە داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم و دەیەوێت لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەوە، مووچە لە كێشەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغداد دوور بخاتەوە و مانگانە لەكاتی خۆیدا ڕەوانە بكرێت.

حكومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نارد، حكومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەكانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش كرد.

هێشتا حكومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردووی دابەش نەكردووە. بەپێی نووسراوێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاوی كردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە بە "مووچە شایستە نەدراوەكان" تۆمار دەكات، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەكە وەكوو قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم دەمێننەوە، هاوشێوەی پاشەكەوتەكانی ساڵانی ڕابردوو، ئەوە لەكاتێكدایە گێڕانەوەی ئەو مووچانە یەكێك لە داواكارییەكانی مامۆستا و فەرمانبەرانە كە هێشتا بەشێكیان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامن لە بایكۆت و خۆپیشاندان.