درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

25-01-2024 09:41

پەرەگراف

دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند، ئەمشەو پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 21:07، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

نزیکەی 40 هێرش بە درۆن و مووشەك كراونەتە سەر هەولێرو هەریر، ئەوەش تەنیا لە 90 رۆژی رابردوودا و لە چوارچێوەی پریشكی ئاگری شەڕی غەززە، كە چەندین ناوچەی دیكەشی گرتووەتەوە.

بەردەوامی هێرشی گروپە چەكدارییە عیراقییەكانی نزیك لە ئێران، كە پاساوەكەی فشاركردنە سەر ئەمریكایە بە پاساوی هاوكاریكردنی ئیسرائیل لە شەڕی دژ بە حەماس لە فەلەستین، بەغداشی هەڵپێچاوە بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانی دەركردنی هێزی هاوپەیمانان لە خاكەكەیدا، كە هەرێمی كوردستان دژیەتی.

هێرشە موشەكی و درۆنییەكان بۆ چەند پێگەیەكی دیاریكراوی هەرێمی كوردستان و عیراق، لە 17ـی تشرینی یەكەمی 2023ـەوە دەستیپێكرد، دوابەدوای 10 رۆژ لە هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، كە هێشتا بەردەوامە.

گروپێك لە هێزی چەكدار بە ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق"، بەرپرسیارێتی هەموو هێرشەكان لە ئەستۆ دەگرن و بە ئاشكرا دژایەتی ئەمریكا رادەگەیەنن، بەهۆی پاڵپشتی ئیسرائیل و داوادەكەن هەرچی زووە لەگەڵ هاوپەیمانەكانیاندا، عیراق بەجێبهێڵن.

هەندێكجار هەمان گروپ لە سوریاش بۆردومانی بارەگا و بنكەی ئەمریكا دەكات. ئەو گروپە هیچ لایەنێكی رەسمی لە عیراق خۆی بە خاوەنی ناكات.

لە ماوەی 90 رۆژی رابردودا، زیاتر لە 147 هێرش لە ڕێی درۆنی بۆمبڕێژكراو و موشەكەوە بە ناوی بارەگا و بنكەی ئەمریكاوە تۆماركراوە لە عێراق و سوریا، بەڵام بەشێكیان تەنیا مەدەنی بەهۆیەوە بووەتە قوربانی. بەپێی ئامارێکی پەیمانگای واشنتۆن تا ٢١-١-٢٠٢٤ میلیشیاکان ٢٣ هێرشیان کردووەتەسەر هەولێر  و ١٤ هێرش بۆسەر فڕۆکەخانەی هەریر.

دوایین و گەورەترین هێرش بۆ سەر هەولێر، 15ـی كانونی دوەمی ئەمساڵ بوو، لەڕێی 11 موشەكی بالیستی كە سوپای پاسدارانی ئێران بە رەسمی بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرت و پێنج لەو موشەكانە بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری كورد كەوت و بەهۆیەوە ئەو و كچێكی و سەرمایەدارێكی دیكەی كریستیانی/عیراقی و كارگوزارێكی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 16 كەس برینداربون، بەپێی ئامارە رەسمییەكان.

شەڕی ئێران و گروپەكانی نزیكی، هەر لە عیراق نییە، لە لوبنان و یەمەن بۆتە درێژكراوەی شەڕی غەززە و تا دێت زیاتر تەشەنە دەسەنێت.

بەدواداچوونێکی پەرەگراف لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

شەڕ لە غەززەيە و درۆن و مووشەک لە هەولێر