پارەكەی بەغداد گەیشت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

01-02-2024 03:07

پەرەگراف

618 ملیار دینارەكەی بەغداد گەیشتە هەرێم و وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی ڕاگەیاند. سبەینێ‌ هەینی بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت. وەزارەتی دارایی دەڵێت "35% كورتهێنان بۆ مووچە هەیە و بە داهاتی ناوخۆ پڕ دەكرێتەوە".

كاتژمێر 2:25 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ڕایگەیاند "كەمێك لەمەوبەر بڕی (618) ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق".

دواتریش وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی 2024ـی بڵاو كردەوە. بەپێی خشتەكە ڕۆژی هەینی 2-2-2024، بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و ڕۆژی پێنجشەممە 8-2-2024 بە خانەنشینیی پێشمەرگە كۆتایی دێت.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەو 618 ملیار دینارەی كە بەغداد ناردوویەتی، دەكاتە "تەنها 65%ـی كۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بڕی 325 ملیار دینار پێویستە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە كە لە داهاتی ناوخۆ دابین دەكرێت".

بڕیارە ناردنی 618 ملیار دیناری مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم بەردەوام بێت، تا ئەو كاتەی یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت لە هەموارەكەدا پشكی مووچەی هەرێم بە 618 ملیار دیناری مانگانە دیاری بكرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو داتایانەی لەلای دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و حكومەتی عێراقە.

ئامانج لە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە كە یەكێكە لە داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم و دەیەوێت لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەوە، مووچە لە كێشەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغداد دوور بخاتەوە و مانگانە لە كاتی خۆیدا ڕەوانە بكرێت.

حكومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نارد، حكومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەكانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش كرد.

هێشتا حكومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردووی دابەش نەكردووە. بەپێی نووسراوێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاوی كردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە بە "مووچە شایستە نەدراوەكان" تۆمار دەكات، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەكە وەكوو قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم دەمێننەوە، هاوشێوەی پاشەكەوتەكانی ساڵانی ڕابردوو.